ئەمریكا بە تووندی ئیدانەی پەكەكە دەكات؛ پەكەكە وەڵام دەداتەوە

06-11-2020 03:15
لۆگۆی كەجەكەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، بە تووندی ئیدانەی هێرشی پەكەكە دەكات بۆسەر هێزەكانی هەرێمی كوردستان، پەكەكە ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا بە "ئاژاوەگێڕانەو گەشتركردنی ئاگری شەڕ" لەقەڵەم دەدات.

تەقینەوەی بۆمبێك بە هێزەكانی پێشمەرگەدا لە سنوری ناوچەكانی گەریلای پەكەكە لە ناحیەی چەمانكێی سەربە قەزای ئامێدی ڕۆژی 4ی ئەم مانگە، برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی لێكەوتەوەو دواتر یەكێكیان گیانی لەدەستدا، حكومەتی هەرێم بەتووندی ئیدانەی ڕووداوەكەی كردو پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە هێرشكردن، پەكەكەش دەڵێت، ئەوان چەكیان بەكار نەھێناوەو لەڕێی تەقاندنەوەی مینەوە ڕێیان لە ھێزەكانی پارتی گرتووە بچنەناو بارەگایەكیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كاردانەوەی لەبارەی ئەو ڕووداوە پیشاندا، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند "بە توندی ئیدانەی هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی پەكەكە دەكات كە ئەنجامیاندا دژی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە عێراق".

وەزارەتەكە دەشڵێت "پێداگرین لە پشتیوانیەكانمان بۆ بەڕێز كازمی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانیان بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی خێزانەكانی ئەوانەی لەو هێرشانەدا گیانیان سپارد و برینداربوون دەكەین".

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە- چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوەو دەڵێت "یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە جیاتی ئەوەی داوای كۆتاییھێنان بە گرژییەكانی بكات بە لێدوانێكی نابەرپرسیارانە ھەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەشتر بكات و ورە بداتە ئەو لایەنە ناوخۆیی و ھەرێمییانە، كە دەیانەوێت ئاگری شەڕی كورد - كورد خۆش بكەن".

كەجەكە هەڵوێستەكەی ئەمریكا بە "تەواوی ئاژاوەگێڕانە" ناو دەبات‌و دەشڵێت "دوورە لە ڕاستی و لەسەر بنەمای بە پێچەوانە نیشاندانی ڕووداوەكان ئامادە كراوە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە جیاتی ئەوەی لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و ئێراق ڕەخنە بكات، بە ھەموو جۆرێك پشتیوانی لێ دەكات و ھانی دەدات".

"دەوڵەتی ئەمریكا نەك تەنیا لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا و تاوانەكانی شەڕی ئەردۆغان دەنگ ھەڵنابڕێ، بەڵكۆ ھەوڵدەدات بە پشتیوانیكردن لە سیاسەتی چەواشەكارانە و شەڕخوازانەی پەدەكە، كەشی نیگاتیڤی پەیوەندیی نێوان ھێزە كوردییەكان قووڵتر بكاتەوە. ئێمە ئەم لێدوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنە دەكەین و بانگەوازی خۆمان ئاراستەی ھەموو گەلی كورد و بە تایبەتی گەلی باشووری كوردستان، ھێز و لایەنە سیاسییەكان و رۆشنبیران دەكەین كە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانەیەدا وریا بن و ھەوڵەكانی خۆیان لە پێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە" كەجەكە وادەڵێت.

لە وەڵامی ئەمریكادا كەجەكە جارێكی دیكەی تەئكید دەكاتەوە كە ڕۆژی 4ی ئەم مانگە لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی پارتیدا، گەریلاكانیان بەو پەڕی وریاییەوە ھەوڵیانداوە ڕێگری بكەن لە شەڕ و پێكدان، "بەڵام بەداخەوە بە ھۆی سووربوونی پەدەكە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن خەساری گیانی ھاتە ئاراوە، كە بەرپرسیارێتییەكەی بە تەواوی لە ئەستۆی ئەو ئیرادەیەیە، كە جووڵەی بەو ھێزە چەكدارانە كردووە".

ئەو ڕووداوەی چەمانكێ دوای گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان پارتی‌و پەكەكە هات كە بەشێك لە چاودێران بە سەرەتایەكی مەترسیدار بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ خوێندنەوەیان بۆ كرد.

پارتی پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە مەترسیی دروستكردن بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێم‌و "داگیركردنی دەیان گوندو ناوچە"، پەكەكەش پارتی تۆمەتبار دەكات بە "هاوكارییكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە".

سەرۆكایەتییەكانی هەرێم هێرشەكەی پەكەكەو ئەگەری ڕوودانی شەڕی كوردو كوردیان ئیدانەكردو داوای چارەسەری كێشەكان دەكەن بە گفتوگۆ.