پەكەكە وەڵامی بارزانی دەداتەوە؛ ئەمڕۆ لە نێوان پێشمەرگەو گەریلادا چی ڕوویدا؟

04-11-2020 06:53

پەرەگراف

تەقینەوەی بۆمبێك بە هێزەكانی پێشمەرگەدا لە سنوری ناوچەكانی گەریلای پەكەكە لە ناحیەی چەمانكێی سەربە قەزای ئامێدی، برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی لێكەوتەوەو دواتر یەكێكیان گیانی لەدەستدا، حكومەتی هەرێم بەتووندی ئیدانەی ڕووداوەكەی كردو پەكەكە تۆمەتبار دەكات، پەكەكەش دەڵێت، ئەوان چەکیان بەکار نەھێناوەو لەڕێی تەقاندنەوەی مینەوە ڕێیان لە ھێزەکانی پارتی گرتووە بچنەناو بارەگایەکیان.

زانیاریی جیاواز هەن لەبارەی ئەوەی لە دوای تەقینەوەی بۆمبەكە شەڕەتەقەی ڕاستەوخۆ لە نێوان پێشمەرگەو گەریلاكانی پەكەكە ڕوویداوە یاخود نا.

حكومەتی هەرێم بە فەرمی ڕایگەیاند، پەكەكە هێرشی كردووەتەسەر پێشمەرگە، بەبێ ئەوەی وردەكاریی‌و چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەكە ڕوون بكاتەوە.

ڕاگەیاندنەكانی پارتی لە گواستنەوەی هەواڵی ڕووداوەكەی ئەمڕۆدا ئەوەیان بڵاوكردەوە كە دوای تەقینەوەی بۆمبەكە گەریلاكانی پەكەكە "هێرشیان كردووەتەسەر هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕ ڕوویداوە"، بەڵام لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆك ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە(یەكێتی) ڕەتیدەكاتەوە شەڕ لە نێوان پەكەكەو پێشمەرگە ڕوویدابێت.

لیوا قارەمان بە ماڵپەڕی زەمەن-ی ڕاگەیاندووە، هێزێكی زێرەڤانی لەنزیك شارەدێی چەمانكێ ویستوویانە بنكەیەكی سەربازیی دابنێن، لەكاتی ڕاپەڕاندنی كارەكانیان بۆمبێكی چێندراو بەهێزەكەی زێرەڤانیدا تەقیوەتەوەو "شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە"، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت "هیچ شەڕێك لەنێوان پێشمەرگە و پەكەكە ڕوینەداوە‌و وەزارەتی پێشمەرگە ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆی هێزەكانی زێرەڤانی بەدەستی پەكەكە نابینێت".

لایخۆیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی سەر)، لەبارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی هۆشدارییمان پێدان، هێزەکانی پەدەکە هەوڵیاندا بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بچنە ناو کامپەکەمان لەنزیک گوندی بەبادێ، لەگەڵ ئەو هەوڵدانە بۆ هێرشکردنیش، هێزەکانمان شەڕیان نەکرد و چەکیان بەکارنەهێنا".

هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت، بۆ هۆشیارییدان دەستوەردانیان لە دۆخەکەدا کردووە، "لەوێ دوو مین بە هەمەرەکاندا تەقینەوە و بەوشێوەیە هەوڵدرا کە ڕێگا لە پێشڕەویی ئەوان بگیرێت".

ھەپەگە تەئکید دەکاتەوە، هێزەکانی گەریلا هیچ کاتێک نابن بە لایەنی هێرشکار، "ئێمە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کوردستان، نامانەوێتشەڕ بکەین، ئەمە بە ئاشکرا ڕادەگەیەنین".

ھاوکات بانگەواز لە پارتی دەکات "دەست لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کامپەکانمان بەربدات، بەڵام با هەموو کەس بزانێت، ئەگەر هێرشبەردەوام بێت، هێزەکانی گەریلا لەچوارچێوەی خۆپاراستنی ڕەوادا، خۆیان دەپارێزن".

 

ئەو ڕووداوە دوای گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان پارتی‌و پەكەكە دێت كە بەشێك لە چاودێران بە سەرەتایەكی مەترسیدار بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ خوێندنەوەیان بۆ كرد.

پارتی پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە مەترسیی دروستكردن بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێم‌و "داگیركردنی دەیان گوندو ناوچە"، پەكەكەش پارتی تۆمەتبار دەكات بە "هاوكارییكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە".

ڕووداوەكەی ئەمڕۆ بووە بەشێك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، لە ڕاگەیەندراوەكەدا هەر هێرشێكی لەو جۆرە بە هێرشكردنە سەر تەواوی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دراوە.

"حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی شەڕی براكوژییە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش كە كراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەكانی پەكەكە، بە تووندی ئیدانە دەكات و بە دەستدرێژیكردنە سەر هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعییەكانی لە قەڵەم دەدات. لەم چوارچێوەیەشدا، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێگری لە تێكچوونی ئاسایشی هەرێم دەكەین".

پەكەكە وەڵامی بارزانی دایەوە

هاوكات لەگەڵ ڕووداوەكەی ئەمڕۆدا، پەكەكە وەڵامی پەیامەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری دایەوە لەبارەی كێشەكانی نێوانیان‌و شەڕی كورد لەگەڵ كورد، پەكەكە تەئكید دەكاتەوە كە ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ پارتی‌و بەرپرسانی باشووردا نیە.

"پەدەكە بە هۆی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەوڵەتی تورك و بە هۆی فشارەكانی دەوڵەتی تورك لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی كورد كەوتووەتە ناو هەڵوێستێكی نەرێنیەوە. بە پێچەوانەی لێدوانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی گشتی پەدەكە، پەكەكە نە كێشەی لەگەڵ پێگەی باشوری كوردستان هەیە، نە لە رووی سەربازیشەوە خۆی دەسەپێنێت" پەكەكە وادەڵێت.

دەشڵێت "هیچ نیەت، بڕیار و هەڵوێستێكمان نییە كە لەدژی پەدەكە یان هێزێكی تری كورد شەڕ بكەین".

ئەو هەڵوێستەی پەكەكە دوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دێت كە لەبارەی گرژییەكان لەگەڵ پەكەكەو شەڕی كورد لەگەڵ كورد بڵاویكردەوەو تێیدا دەڵێت: شانازی دەكەین كە شەڕی كورد و كوردمان حەرام كردووە، چونكە گەلی كوردستان و هەموو لایەكمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.

"بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێك بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی كوردستان بكرێت وهەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵكی كوردستان بدرێت" بارزانی وادەڵێت.

سەرۆكی پارتی ڕەخنەی تووندی لە سیاسەت و ھەڵوێستی پەكەكە گرت بەرامبەر ھەرێم و داوای كرد لەو ناوچانەی خاكی كوردستانی عێراق بكشێنەوە كە تێیدان و ئەو بە "داگیركراو" ناوی بردن.

پەكەكە لە وەڵامەكەی ئەمڕۆیدا بۆ پەیامەكەی بارزانی، پێیوایە بارزانی لە پەیامەكەیدا بیانوو و نیەتی پیشانداوە بۆ شەڕكردن، "ئەوەی خستەڕوو كە مەبەستیانە لە دژی پەكەكە شەڕ بكەن، ئەوان بڕیارێكی بەم شێوەیەیان داوە و بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەشیان چاوەڕێی زەمینەسازی و دەرفەتێكن. دوای ئەو قسەیە كە 'شەڕێ ناو ماڵی كوردمان حەرام كردووە، بەڵام...' چەند بیانوویەكی خستەڕوو و بەم شێوەیە رایانگەیاند كە بە هۆی ئەو بیانووانەوە، شەڕ دەكەن".

پەكەكە دەشڵێت "گەلی كورد چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرد كە بە هەڵوێستێكی بەرپرسیارانەوە واز لە شەڕ بێنن، بەڵام بە رێگای ئەو لێدوانەوە بانگەوازی ئەوەیان كرد كە گەریلا واز لە هەرێمەكانی خۆی بهێنێت، واز لە تێكۆشانی مان و نەمانی كورد لە دژی دەوڵەتی تورك بهێنێت. بەم شێوەیە ئاشكرا بوو كە ناوچەكانی گەریلا بە چی مەبەستێك گەمارۆ دراون".