پەرەگراف
پاش شەش مانگ و 18 ڕۆژ لە بڕیاری سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی سزای ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری، بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە و سەرباری تەواوبوونی سزاكەی تا ئێستا ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد نەكراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025، پارێزەرانی كەیسی قارەمان شوكری لەبەردەم دادگای دهۆك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند "لە 09-07-2024ـەوە بڕیاری كەمكردنەوەی 60%ـی سزای زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە".
ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری دۆسیەی قارەمان شوكری، بە پەرەگرافی وت "بەپێی بڕیاری كەمكردنەوەی سزاكە، ئێستا ماوەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە تەواو بووە، بەڵام نازانین بۆ ئازاد ناكرێت؟!".
لە بڕگەی چواری فەرمانی لێخۆشبوونەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا هاتووە "لایەنی پەیوەندیدار لە ڕۆژی دەرچوونیەوە ئەم بڕیارە جێبەجێ بكات".
پاش بەدواداچوونی پارێزەرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ دۆسیەكە، وەزارەتی كار كە چاكسازییەكانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی ئەودان، پێی وتوون "پێویستە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاگادار بكرێینەوە بۆ ئازادكردنی، چونكە وەزارەت سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، نەك سەرۆكایەتیی هەرێم".
پارێزەرانی قارەمان شوكری دەڵێن "پێویستە ئەنجوومەنی وەیرانی هەرێم پێمان بڵێت هۆكار چییە كە تا ئێستا ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد نەكراوە؟ چونكە هیچ دەقێكی یاسایی نییە كە ڕێگر بێت لە ئازادكردنی، بۆ ئێمە جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە كە چۆن بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم جێبەجێ نەكراوە؟!".
ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری لە 21-01-2021 لەلایەن هێزیكی ئەمنییەوە لە گوندی سیرێیی شێلادزێ دەستگیر كرا. دوای چەند مانگێك لە بێسەرشوێنبوونی، دواتر كەسوكاری لە زیندان سەردانیان كرد و پێی ڕاگەیاندن كە سزای حەوت ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.
قارەمان شوكری بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی كوردستان سزا دراوە، كە هەمان ئەو ماددەیە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی دیكەی بادینانی پێ سزا دراوە.
ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 دەڵێت "ماددەی 156 لە یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو لەكار دەخرێت و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەمە جێگەی دەگرێتەوە: هەركەسێ بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت".
لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانی یاسایی و چالاكوانانەوە ڕەخنەی ئەوە لە ماددە یاساییەكە دەگیرێت كە "لاستیكی"یە و جۆری تاوان و سزاكەی بە وردی دیاری نەكردووە، ئەمەش وا دەكات لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خراپ بەكار بهێنرێت بۆ سزادانی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان.
* سەرۆكی هەرێم لێبوردنی تایبەتی بۆ سزادراوێكی بادینان دەركرد