سەرۆكی هەرێم لێبوردنی تایبەتی بۆ سزادراوێكی بادینان دەركرد

06-08-2024 08:35
ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری

پەرەگراف

پاش زیاتر لە سێ‌ ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لێبوردنی ‏تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری دەركرد و ئازاد دەكرێت‎.‎

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، ڕایگەیاند "مەرسومی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‏بۆ لێبووردنی تایبەت بە ڕێژەی ٦٠٪ بۆ سزادراوی شاری دهۆك (قارەمان شوكری ڕێكانی) دەرچووە و ئەمڕۆ ‏وێنەی مەرسومەكە گەیشتە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی دهۆك‎".‎

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "قارەمان شوكری بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی ‏كوردستان سزا درابوو"، كە هەمان ئەو ماددەیە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی دیكەی بادینانی پێ سزا دراوە.

ئەو ڕۆژنامەووسە لە 21-1-2021 لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە گوندی سیرێیی شیلادزێ‌ دەستگیر كرا و ‏چەند مانگێك بێسەروشوێن بوو، دواتر كەسوكاری لە زیندان بینییان و پێی ڕاگەیاندن كە سزای حەوت ساڵ ‏زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.‏

ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 دەڵێت "ماددەی 156 لە ‏یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە ‏‏111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو لەكار ‏دەخرێت و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەمە جێگەی دەگرێتەوە: ‏‏هەركەسێ‌ بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ‌ ‏بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و ‏سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی ‏هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە ‏‏بەندكردنی هەتاهەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت".‏

لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانی یاسایی و چالاكوانانەوە ڕەخنەی ئەوە لە ‏ماددە یاساییەكە دەگیرێت كە ‏‏"لاستیكی"یە و جۆری تاوان و سزاكەی بە ‏وردی دیاری نەكردووە، ئەمەش وا دەكات كەڵكی خراپی بۆ سزادانی ‏‏چالاكان و ڕۆژنامەنووسان لێ‌ وەربگیرێت.‏