فیدان داوای یەكخستنی تواناكانی توركیا و عێراق و سووریا دەكات بۆ لەناوبردنی 'داعش و پەكەكە'

26-01-2025 02:20

پەرەگراف

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بەغداوە پەكەكە بە "هەڕەشە و مەترسی" بۆ سەر عێراق و توركیا و سووریا ناو دەبات و دەڵێت "چاوەڕوانیی ئێمە لە عێراق ئەوەیە كە ڕێكخراوی قەدەغەكراوی پەكەكە، وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت". هەروەها داوای "یەكخستنی هەموو تواناكان"ـی ئەو سێ‌ وڵاتە دەكات بۆ "لەناوبردنی داعش و پەكەكە".

هاكان فیدان بەیانیی ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لێ كرا و دواتر كۆبوونەوە. بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش كۆببێتەوە.

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەونییان ئەنجامدا و تێیدا فوئاد حسێن ڕایگەیاند "گفتوگۆمان دەربارەی چۆنێتیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانمان كرد. توركیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگدا هەماهەنگی دەكەن. دۆخی سووریا پرسێكی گرنگ و جێی بایەخی هەردوو وڵاتە".

هەروەها هاكان فیدان وتی "لە ڕوانگەیەكی ستراتیژییەوە سەیری عێراق دەكەین و لە سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆككۆمار ئەردۆغان بۆ عێراق، ٢٧ ڕێككەوتننامەی ستراتیژیمان واژوو كرد".
فیدان ئاماژەی بەوەش كرد كە "قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان عێراق و توركیا نزیك بووەتەوە لە ٢٠ ملیار دۆلار".

وەزیری دەرەوەی توركیا، سەقامگیریی عێراقی بە سەقامگیریی ناوچەكەیە ناو برد و وتی "عێراق دراوسێیەكی زۆر گرنگە. سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگە".

سەبارەت بە دۆسیەی پەكەكە، فیدان جارێكی دیكە چاوەڕوانیی ئەنقەرەی دووپات كردەوە بەوەی كە پاش بڕیاری قەدەغەكردنی، "وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بیناسێنێت" و وتی "پەكەكە هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەكات و دوو سەربازی عێراقی شەهید كرد".

توركیا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ ئەوەی پەكەكە لەلایەن عێراقەوە بە ‏‏"ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" بناسێنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق نەچووەتە ژێر باری وەها ‏بڕیارێك. دیارترین بڕیار كە عێراق دژی پەكەكە دابێتی، ناساندنێتى وەكوو ‏‏"ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو"، کە لە سەردانەکەى ساڵى ڕابردووى ئەردۆغان بۆ بەغدا ڕاگەیەندرا.

ڕۆژى ٢٢-٠٤-٢٠٢٤، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، ژمارەیەک ڕێککەوتنیان واژوو کرد.

لە كاتێكدا سەرۆككۆماری توركیا و سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەدا بوون، ‏باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و تێیدا ‏پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی بە "ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو" ناو برد.‏

وتەبێژی حكومەتی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەی شاندی باڵای توركیا بۆ بەغدا، بۆ ‏میدیاكان وتی "لیژنەی ئاسایشی عێراق، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی وەكوو ‏ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو پۆلێن كردووە و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا ‏دەكرێت".‏

دواتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داواى لە دامەزراوە و فەرمانگەكانی ‏دەوڵەت کرد كە پەكەكە بە "ڕێكخراوی قەدەغەكراو" ناو بهێنن.‏