هەموارى یاساى بودجە؛ لەمپەرى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت و گەڕێکى دیکەى ململانێى نێوان هەرێم و بەغدا

23-01-2025 09:28

پەرەگراف

دەرکەوتنى پێشنیازێکى نوێ بۆ هەموارى بڕگەى تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەدا، حکومەتى هەرێم تووشى سەرسوڕمان و نیگەران دەکات. هەرچەندە پێشنیازەکە دراوەتە پاڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەڵام وتەبێژى حکومەتى عێراق جەخت لەسەر "دەقە پەسەندكراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران" دەکاتەوە، کە ئاماژە بۆ ئەو پێشنیازەى پێشتر لەلایەن حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکانى نەوتەوە ڕێککەوتنى لەبارەوە کراوە.

پێشنیازە نوێیەکە جگە لە ڕادەستکردنى داهاتی نەوت، داواى داهاتى گاز و بەرهەمە نەوتییەكانى دیکەش لە هەرێمی كوردستان دەكات، لەکاتێکدا پێشنیازى پێشوو تەنیا بۆ گۆڕانکارى لە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم بوو، کە لە ٨ دۆلارەوە بکرێت بە ١٦ دۆلار، بەوشێوەیەش حکومەتى هەرێم پابەند دەبێت بە هەناردەکرردنى ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەى کۆمپانیاى (سۆمۆ)وە و ڕادەستکردنى داهاتەکەى بە بەغدا.

ئەو پێشنیازە نوێیە، واى کرد کە لە دانیشتنى ڕۆژى سێشەممە ٢١-٠١-٢٠٢٥ـى پەرلەمانى عێراق، دەنگ لەسەر هەموارى یاساى بودجە نەدرێت و جارێکى دیکە دوابخرێت. پەرلەمنتارانى عەرەب بەتایبەت شیعە، پێشنیازى یەکەم کە ١٦ دۆلارى بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم دیارى کردووە، ڕەت کردەوە، پەرلەمانتارانى کوردیش پێشنیازە نوێیەکەیان ڕەت کردەوە.

لە نوێترین کاردانەوەدا، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕەتی دەكاتەوە نوێنەرەكەیان لە پەرلەمان بەربەستی بۆ هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم لە یاسای بودجەدا دروست كردبێت و ناوەرۆكی بەیاننامەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە ڕەت دەكاتەوە. دەشڵێت "جەخت لەسەر پابەندبوونی حكومەت بەو هەموارانە دەكەینەوە كە سەبارەت بە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان نێردراون".

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-01-2025 بڵاوی كردەوە، باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، دەشڵێت "نوێنەری حكومەت لە پەرلەمان، جەختی لەوە كردەوە هیچ هەموارێكی دیكە لەسەر یاسای بودجە كە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشكەش كراون، پێویست نییە".

لە وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، عەوادی ڕایگەیاند "ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە و سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین لەو بانگەشەیەی كە نوێنەری حكومەتی فیدراڵ لە پەرلەمان ڕێگری لە هەمواركردنی ماددەی تایبەت بە ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كردبێت".

هەرچەندە وتەبێژی حكومەتی عێراق ناوەرۆكی ئەو پێشنیازەی باس نەكردووە كە جەختی لێ‌ دەكاتەوە، ئایا پێشنیازەی پێشووە یان پێشنیازە نوێیەكە، بەڵام ڕایدەگەیەنێت كە حكومەتی فیدراڵی هیواخوازە بە خێرایی هەموارەكە بەپێی "دەقە پەسەندكراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران" لە پەرلەمان پەسەند بكرێت

ئەو دەقەی كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كراوە، پێشنیازی یەكەمی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكەدا پەسەند كراوە، بەڵام پێشنیازە نوێیەكە نەبراوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵكو لەناكاو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پێشكەش كراوە.

ئێوارەى ئەمڕۆ، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "دوای چەندین كۆبوونەوە و هەوڵ بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كرا، بەڵام بەداخەوە لە كۆتا ساتەكاندا دەنگی لەسەر نەدرا".

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێك لەلایەن نوێنەری حكومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاكلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە".

هەروەها لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (بلۆمبێرگ)ـی ئەمریكی، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پێشنیازە نوێیەكەی بۆ هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا، بە "كوتوپڕ و جێگای سەرسوڕمان" وەسف كردووە. پێیشی وایە "ڕەنگە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بڕیار بوو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدات كە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان ڕێككەوتنمان لەسەر كردبوو، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو گۆڕانكاریی تێدا كراوە".

ڕۆژى دانیشتنەکەى پەرلەمانى عێراق، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "سەبارەت بە بڕگەی هەمواركراوی نەوتی هەرێم لە ‏یاسای بودجەدا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازێكی نوێ لەلایەن محەمەد ‏شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەوانەی پەرلەمان كرابوو، بەو ‏هۆیەوە كێشە دروست بوو و هەموارەكە پەسەند نەكرا".‏

دەقى پێشنیازە نوێیەکە کە دەست پەرەگراف کەوتووە، بەم جۆرەیە "بە پشتبەستن بە بڕگەكانی (أ) و (ب) لەم بەندە، پێویستە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەكانی بە ناوخۆیی و دەرەكییەوە، بە تەواوی و بێ هیچ كەمكردنەوەیەك، ڕادەستی خەزێنەی گشتی بكرێت، بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا كاری پێ دەكرێت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019ـی هەمواركراو، پێویستە تێچووەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەژمار بكرێن".

بەڵام بەپێى بڕگەى پێشوو کە پاش ڕێککەوتن لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەند کراوە، بڕی ١٦ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دەدرێت بە هەرێم، تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی پسپۆڕ (كە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستنیشان دەكرێت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات.

ئەم بڕگەیە ڕۆژى ١٩-٠١-٢٠٢٥ لەلایەن لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە پەسەند کرا و هەمان ڕۆژ برایە کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ پەسەند کردنى، بەڵام زۆرێک لە پەرلەمنتارانى عەرەب ڕەتیان کردەوە. سۆران عومەر دەڵێت "ئەو پەرلەمانتارانە وتیان ١٦ دۆلار بۆ دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم زۆرە".

تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، لەمپەرێکى سەرەکییە لەبەردەم هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، تا دواجار هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق بە ئامادەیى کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر ١٦ دۆلار ڕێککەوتن و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دواى پەسەندکردنى ڕەوانەى پەرلەمانى عێراقى کرد بۆ خوێندنەوە و پەسەندکردنى، بەڵام دواى تێپەڕینى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى لە دانیشتنەکانى ڕابردوودا، پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانتارناى عەرەب بەتایبەت شیعەوە ڕەت کرایەوە.

باسم عەوادى، وتەبێژی حكومەتی عێراق، جەخت دەكاتەوە لەسەر "گرنگیی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماددەكانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، كە ڕادەستكردنی داهاتەكان بە حكومەتی فیدراڵ دەگرێتەوە، جا چ نەوتی بن یان نانەوتی".

سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، پێى وایە "بەو دۆخە نوێیەى هاتووەتە پێش، هەمواری بڕگەى تایبەت بە نەوت لە یاسای بودجە کە ئامانج لێى دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە، بە ئاسانی ناگەڕێتەوە پەرلەمان".