حکومەتى هەرێم: بە هەموو شێوەیەک دژى پێشنیازە نوێیەکە دەربارەى نەوت دەوەستینەوە

23-01-2025 04:30

پەرەگراف

سوودانی لە پێشنیازەکەی پێشووی بۆ هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم لە یاسای بودجەدا پاشگەز بووەتەوە و داوای "داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەكانی بە ناوخۆیی و دەرەكییەوە" لە هەرێمی كوردستان دەكات. حکومەتی هەرێمیش وەڵامی دایەوە و دەڵێت "دژی دەوەستینەوە و دەبێت ئەو پێشنیازە بخرێتە دەنگدانەوە کە لەسەری ڕێککەوتووین". پەرلەمانتارێكیش دەڵێت "بەم پێشهاتە نوێیە، هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بە ئاسانی ناگە ڕێتەوە پەرلەمان".

دەقی پێشنیازە نوێیەكەی سوودانی بەم جۆرەیە "بە پشتبەستن بە بڕگەكانی (أ) و (ب) لەم بەندە، پێویستە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمەكانی بە ناوخۆیی و دەرەكییەوە، بە تەواوی و بێ هیچ كەمكردنەوەیەك، ڕادەستی خەزێنەی گشتی بكرێت، بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا كاری پێ دەكرێت، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019ـی هەمواركراو، پێویستە تێچووەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەژمار بكرێن".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت "دوای چەندین كۆبوونەوە و هەوڵ بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كرا، بەڵام بەداخەوە لە كۆتا ساتەكاندا دەنگی لەسەر نەدرا".

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێك لەلایەن نوێنەری حكومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاكلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و كێشەكان قووڵتر دەكەنەوە و خزمەت بە چارەسەركردنی پرسەكان ناكات".

"ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری ڕێككەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە"، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.

ئەم پێشنیازە تازەی سوودانی لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی دیكەی ئاراستەی پەرلەمانی كرد و لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا، بەڵام دواتر لە دانیشتنی پەرلەمان ڕەت كرایەوە.

ئەم پێشنیازە تازەی سوودانی لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی دیكەی ئاراستەی پەرلەمانی كرد و لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا، بەڵام دواتر لە دانیشتنی پەرلەمان ڕەت كرایەوە.

بڕگەی (ج) لە (ماددەی ١٢/ دووەم)ـی یاساى بودجەى عێراق تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان، لە پێشنیازەکەى پێشوودا بە جۆرێک هەموار کرابوو کە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوتى هەرێم لە هەشت دۆلارەوە بۆ ١٦ دۆلار زیاد بکرێت، هەروەها باسى ڕادەستکردنى داهاتى غازى تێدا نەکراوە، ئەوەش بە ڕێککەوتنى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق کرابوو.

سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "دواى ئەوەى ئێوارەى ٢١-٠١-٢٠٢٥ ئەو پێشنیازە نوێیەى سوودانى هێنرایە پەرلەمانى عێراق، کێشە و گرژى دروست بوو، بۆیە پەسەندکردنى ئەو بڕگە دواخرا".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشى "بەو دۆخە نوێیەى هاتووەتە پێش، هەمواری بڕگەى تایبەت بە نەوت لە یاسای بودجە کە ئامانج لێى دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە، بە ئاسانی ناگەڕێتەوە پەرلەمان".