بافڵ تاڵەبانى: لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیداین بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

21-12-2024 06:54

پەرەگراف

لە کۆبوونەوەى نێوانیاندا، بافڵ تاڵەبانى لەبارەى کێشەکانى مووچە و دواکەوتنی محەمەد شیاع سوودانیى وتووە "یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکى یەکێتى کە بە سەردانێک لە بەغدایە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەتەوە و داوایشی لێ کردووە کە "وەکوو هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت".

یەکێتى لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردندا پرسى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە بانکە فیدراڵییەکان بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى، کرد بە بەشێک لە بانگەشە بۆ خۆى. خودى بافڵ تاڵەبانى داواى لە مووچەخۆران کرد تەوتین بکەن و هەژمارى من ڕەت بکەنەوە.

یەکێتى چەند هەنگاوێکیشى لەو چوارچێوەیەدا ناوە، لەوانە ئاراستەکردنى داواکارى بە بانکى ناوەندى بۆ دەستپێکردنى تەوتین، بڵاوکردنەوەى فۆڕمى تەوتین لەناو مووچەخۆراندا، تۆمارکردنى سکاڵا لە بەغدا. هەروەها بافڵ تاڵەبانى لە دوایین کۆبوونەوەى سەرکردایەتیى یەکێتی و لە سەردانەکەى سوودانى بۆ سلێمانى جەختى لێ کردەوە.

بەڵام پێچەوانەى هەنگاوەکانى یەکێتى کە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکى ئەرێنیى نەبووە، پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە چوارچێوەى پرۆژەى هەژمارى مندا بەردەوامە و زیاتر لە نیوەى مووچەخۆرانى هەرێم لە هەژمارى من تۆمار کراون.