هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا دەستی پێ‌ كرد

03-12-2024 05:50

پەرەگراف

هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان لە سلێمانی دەستی پێ‌ ‏كرد. لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیش ڕەتی دەكاتەوە گۆڕانكاری لە بڕیاری ‏قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتادا كرابێت.‏

ئەمڕۆ لەناو شاری سلێمانی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن و گرتنەبەری ڕێكاری ‏یاسایی بەرامبەر ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان دەستی پێ‌ كرد، مەفرەزەی هاوبەشی ‏پۆلیسی هاتوچۆ و دەزگا ئەمنییەكان لەناو شارەكە دەستیان بەسەر چەندین ‏ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتادا گرت.‏

بەپێی ڤیدیۆی هەڵمەتەكە كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بڵاوی ‏كردووەتەوە، لە بازگەكانیش ڕێگە بە ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان نادرێت بچنە ناو ‏شاری سلێمانییەوە.‏

لە ڕوونكردنەوەیەكیشدا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی هەواڵێكی هەندێك ‏پەیج و ماڵپەڕ ڕەت دەكاتەوە كە وایان بڵاو كردووەتەوە "بڕیاری قەدەغەی ‏ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان گۆڕانگاریی بەسەر ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێكی ‏بێ سەرەتا ناگرێتەوە".‏

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "ئەم ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و بە ‏ھیچ جۆرێك ھیچ پاشگەزبوونەوە و گۆڕانگارییەك بەسەر بڕیارەكەمان نەھاتووە، ‏چونكە بڕیارێكی سەرپێیی نەبووە و زۆر بە وردی دیراسە كراوە و كۆدەنگی و ‏ھەماھەنگیی سەرجەم لایەنەپەیوەندیدارەكانی لەسەرە".‏

‏"بە تەواوی نییەتمانە كۆتایی بە پاشاگەردانی و یاساشكێنی و شێواندنی سیمای ‏شارستانی و ئارامیی شاری سلێمانیی پایتەختی ڕۆشنبیری بهێنین، زۆر جیددی و ‏سوورین لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكە"، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی وا ‏دەڵێت.‏

ڕۆژی دووشەممە 2-12-2024، لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا دەست بەسەر هەرجۆرە سوارڕەوێکی بێ‌ سەرەتا و نایاساییدا بگیرێت و ڕێگە نادرێت بچنە ناو شاری سلێمانی.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە لە بڕیارەکە و ئەو ئۆتۆمبێلانە تەنها ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە دەرەوەی سلێمانی و ڕێگەی هاتنەناوەوەیان پێ نادرێت".

لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، هیچ ڕێگەپێدان و نووسراوێک لە هەر لایەنێکەوەبێت کاری پێناکرێت، جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە دەرکرابێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەوروبەری 25 هەزار دەبن و لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕیندان.

ئەو ئۆتۆمبێلانە بەناوی سکراب کردنەوە دەهێنرێنە عێراق، بەڵام لە باشوری عێراق چاکدەکرێنەوەو بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان.

پێشتر ئیدارەی هەولێرو دهۆک ئەو ئۆتۆمبێلانەی قەدەغەکردووەو ڕێگەی نەداوە بچنە ئەو سنوورە، بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێر ڕۆژی 24-11-2024 جووڵەى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتاى لەسەر شەقامەکان قەدەغە کرد و ڕایگەیاند "هەر شۆفێرێک سەرپێچى بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".