پەرەگراف
لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاریدا دەستبەسەر هەرجۆرە سوارڕەوێکی نایاساییدا بگیرێت و ڕێگە نادرێت بچنە ناو شاری سلێمانی.
بەپێی نووسراوێکی لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی کە دەست پەرەگراف کەوتووەو لە سەرچاوەیەکی باڵاوە ڕاستیی نووسراوەکە پشتڕاست کراوەتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگیرێتەبەر کە لەناو خەڵکدا بە (مەلیکەو شاهینا) ناسراون و هەڵگری تابلۆی فەرمی نین و بەڵگەنامەیان نییە.
عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە پەرەگرافی وت"بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە لە بڕیارەکەو لە ئەمشەوەوە جێبەجێ دەکرێت، تەنها ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە دەرەوەی سلێمانی و ڕێگەی هاتنەناوەوەیان پێنادرێت".
لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، هیچ ڕێگەپێدان و نووسراوێک لە هەر لایەنێکەوەبێت کاری پێناکرێت، جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە دەرکرابێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەوروبەری 25 هەزار دەبن و لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕیندان.
ئەو ئۆتۆمبێلانە بەناوی سکراب کردنەوە دەهێنرێنە عێراق، بەڵام لە باشوری عێراق چاکدەکرێنەوەو بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان.
پێشتر ئیدارەی هەولێرو دهۆک ئەو ئۆتۆمبێلانەی قەدەغەکردووەو ڕێگەی نەداوە بچنە ئەو سنوورە، بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێر ڕۆژی 24-11-2024 جووڵەى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتاى لەسەر شەقامەکان قەدەغە کرد و ڕایگەیاند "هەر شۆفێرێک سەرپێچى بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".
بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی
