لیستی مووچەی مانگی 11 ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

26-11-2024 10:13

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سێ شەممە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی 12 نزیکدەبینەوەو هێشتا مووچەی مانگی 10 لە بەغداوە بۆ هەرێم نەنێردراوەو مووچەخۆران لە چاوەڕوانیی مووچەی ئەو مانگەدان.

بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، وەزارەتی دارایی هەرێم دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت دەكات و فەرمانگەكانی ڕاسپاردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕێكار بۆ ئەو مەبەستە بگرنە بەر. حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی 10 و دواتر لە مانگی 1ـی ساڵی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرگرافی ڕاگەیاند "فەرمانگەكان لەلایەن گەنجینەكانەوە ئاگادار كراونەتەوە كە وەكوو پاشەكەوت مامەڵە لەگەڵ مووچەی مانگەكانی 11 و 12ـی ئەمساڵ بكەن و ڕێكار بۆ ئەو مەبەستە بگرنە بەر".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "داواكارییەكە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە نووسراو ئاراستەی فەرمانگەكان نەكراوە، بەڵكوو گەنجینەكان بە پەیوەندیی تەلەفۆنی و بە دەمی داواكارییەكەیان بە فەرمانگەكان گەیاندووە و وەزارەتی دارایی داوای كردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕێكار بۆ جێبەجێكردنی بگیرێتە بەر".

بەهۆی ئەوەی لە كۆتایی ساڵدایە و دەبێت چارەنووسی مووچە نەدراوەكان یەكلا بكاتەوە، وەزارەتی ‏دارایی هەرێم هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو گشتاندنێك بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەردەكات ‏كە پێویستە ئەو دوو مووچە بە (قەیدی ژمێریاری) تۆمار بكرێت، كە بە مانای "مووچە شایستە ‏نەدراوەكان" دێت و لە واقیعدا دەبێت بە (پاشەكەوت).‏

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، وەزارەتی دارایی هەرێم هەوڵەكانی لە بەغدا چڕ كردووەتەوە بۆ ‏دابینكردنی مووچەی مانگی 10، بەڵام هێشتا بەغدا بەوەش ڕازی نەبووە. ئەمە جگە لەوەی كە ‏ئامادە نییە دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ بنێرێت.‏

سەرچاوەیەك بە پەرگرافی ڕاگەیاند "وەزارەتی دارایی هەرێم بەنیازە بە پارەی بەغدا و داهاتی ‏ناوخۆی هەرێم، لە مانگی 12ـدا مووچەی مانگی 10 دابەش بكات، دواتر مووچەی مانگەكانی 11 ‏و 12 دەبێت بە پاشەكەوت و دەچێتە سەر مووچەی مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو".‏

ڕۆژی ٢٠-١١-٢٠٢٤، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕێژەى بەشەبودجەى هەرێم کە ١٢.٦٧%، عێراق دەڵێت لە مانگى نۆدا تەواو بووە و بۆ مانگى ١٠ و دوو مانگى دواتریش تەنیا ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە ماوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ڕابردوویشسێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی كرد بە پاشەكەوت. ‏هەروەها ئەم كابینەیەی حكومەت تەنیا مووچەی ساڵی 2022ـی بە تەواوی داوە، پێشتر مووچەی ‏ساڵی 2021ـی بە لێبڕینەوە دا و ساڵی 2020ـیش تەنیا پێنج مووچەی دابەش كرد.‏