سۆران عومەر: مووچە دوو کێشەى هەیە و ئەرکى حکومەتى هەرێمە چارەسەرى بکات

20-11-2024 12:41

پەرەگراف

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت "گرفتەکانى لیستى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم چارەسەر نەکراون و عێراقیش دەڵێت بەشە بودجەتان تەواو بووە".

ئەمڕۆ ٢٠-١١-٢٠٢٤، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕێژەى بەشەبودجەى هەرێم کە ١٢.٦٧%، عێراق دەڵێت لە مانگى نۆدا تەواو بووە و بۆ مانگى ١٠ و دوو مانگى دواتریش تەنیا ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە ماوە".

بە قسەى سۆران عومەر، بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەى سێ مانگى کۆتایى ئەمساڵ "دەبێت قەناعەت بە سەرۆکوەزیرانى عێراق بکەین کە ئەو سێ ترلیۆنەى لە بودجەى وەبەرهێنان هەمانە و هیچمان بۆ نەهاتووە، بەشێکیمان بۆ بگوازرێتەوە بۆ مووچە، ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا عێراق ئامادە نییە مووچە بدات و ئەرکى حکومەتى هەرێمە ئەو کێشە چارەسەر بکات".

٢٠ ڕۆژ بەسەر مانگى ١١دا تێپەڕیوە و تا ئێستا مووچەى مانگى ١٠ـى مووچەخۆرانى هەرێم دابەش نەکراوە. هەرچەندە لیستى مووچە ڕەوانەى وەزارەتى دارایى عێراق کراوە و چەند جارێکیش شاندى هەرێم چووەتە بەغدا، بەڵام هێشتا مووچەکە لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە خەرج نەکراوە و چاەرنووسى مووچەى مانگەکانى ١١ و ١٢ـیش نادیارە.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانى سەرژمێرى لەسەر هەرێم، سۆران عومەر دەڵێت "ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان دوو بابەتى پێ دیارى دەکرێت کە بودجە و ژمارەى کورسیى پەرلەمانە".

ئەو پەرلەمانتارە وتى "هیوادارین ڕێژەى دانیشتووانى هەرێم زیاد بکات، چونکە ئێستا بەشەبودجەى هەرێم ١٢.٦٧%ـە، بەڵام من گەشبین نیم زیاد بکات، چونکە گەشەى دانیشتووان لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق زۆر زیاتر لە هەرێم".

"سەبارەت بە کورسییەکانى پەرلەمانیش، دەستوور دیایى کردووە کە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک لە عێراق کورسییەکى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەبێت، ئەگەر هاتوو ڕێژەى دانیشتووان ئەوەندە بەرز بووەوە کە کورسییەکانى پەرلەمان لە ٣٢٩ بوون بە ٤٠٠، ئەگەر ڕێژەى دانیشتووانى هەرێم زیاد نەکات، ئەوا ئێمە لەو ژمارە کورسییەى ئێستاماندا دەمێنینەوە کە ئەوەش کەمکردنە"، سۆران عومەر وا دەڵێت.