سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف: دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت دەكرێت

25-11-2024 01:26

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت دەكات و فەرمانگەكانی ڕاسپاردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕێكار بۆ ئەو مەبەستە بگرنە بەر. حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی 10 و دواتر لە مانگی 1ـی ساڵی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرگرافی ڕاگەیاند "فەرمانگەكان لەلایەن گەنجینەكانەوە ئاگادار كراونەتەوە كە وەكوو پاشەكەوت مامەڵە لەگەڵ مووچەی مانگەكانی 11 و 12ـی ئەمساڵ بكەن و ڕێكار بۆ ئەو مەبەستە بگرنە بەر".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "داواكارییەكە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە نووسراو ئاراستەی فەرمانگەكان نەكراوە، بەڵكوو گەنجینەكان بە پەیوەندیی تەلەفۆنی و بە دەمی داواكارییەكەیان بە فەرمانگەكان گەیاندووە و وەزارەتی دارایی داوای كردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕێكار بۆ جێبەجێكردنی بگیرێتە بەر".

بەهۆی ئەوەی لە كۆتایی ساڵدایە و دەبێت چارەنووسی مووچە نەدراوەكان یەكلا بكاتەوە، وەزارەتی ‏دارایی هەرێم هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو گشتاندنێك بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەردەكات ‏كە پێویستە ئەو دوو مووچە بە (قەیدی ژمێریاری) تۆمار بكرێت، كە بە مانای "مووچە شایستە ‏نەدراوەكان" دێت و لە واقیعدا دەبێت بە (پاشەكەوت).‏

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، وەزارەتی دارایی هەرێم هەوڵەكانی لە بەغدا چڕ كردووەتەوە بۆ ‏دابینكردنی مووچەی مانگی 10، بەڵام هێشتا بەغدا بەوەش ڕازی نەبووە. ئەمە جگە لەوەی كە ‏ئامادە نییە دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ بنێرێت.‏

سەرچاوەیەك بە پەرگرافی ڕاگەیاند "وەزارەتی دارایی هەرێم بەنیازە بە پارەی بەغدا و داهاتی ‏ناوخۆی هەرێم، لە مانگی 12ـدا مووچەی مانگی 10 دابەش بكات، دواتر مووچەی مانگەكانی 11 ‏و 12 دەبێت بە پاشەكەوت و دەچێتە سەر مووچەی مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو".‏

ڕۆژی ٢٠-١١-٢٠٢٤، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕێژەى بەشەبودجەى هەرێم کە ١٢.٦٧%، عێراق دەڵێت لە مانگى نۆدا تەواو بووە و بۆ مانگى ١٠ و دوو مانگى دواتریش تەنیا ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە ماوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ڕابردوویش سێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی كرد بە پاشەكەوت. ‏هەروەها ئەم كابینەیەی حكومەت تەنیا مووچەی ساڵی 2022ـی بە تەواوی داوە، پێشتر مووچەی ‏ساڵی 2021ـی بە لێبڕینەوە دا و ساڵی 2020ـیش تەنیا پێنج مووچەی دابەش كرد.‏