باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: هانی خەڵکی کوردستان دەدەین بەشداریی تەواو بکەن لە دەنگدان

15-09-2024 10:29

پەرەگراف

لە ڕۆژی جیهانیی دیموکراسیدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوەو باس لە گرنگی دیموکراسی دەکات بۆ پێشخستنی وڵات و بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیریی، ئەلینا رۆمەناوسکی دەڵێت: هانی خەڵکی کوردستان دەدەین کە بە تەواوەتیی بەشداربن لە دیموکراسیی لە ڕێی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکۆتۆبەر.

بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی پێنوێنی دیموکراسی کە پەیمانگای نۆرماندی بۆ توێژینەوە ئامادەی کردووەو پەرلەمانی ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی ١٣٨ وڵات عێراق لە پلەی ١٣٠دایە بۆ هەڕەشە لەسەر دیموکراسی و لە ١٠ خاڵ تەنیا ٣.٦ی بەدەستهێناوەو هۆکارەکانی خستووەتەڕوو.

 ڕۆژی 20-10-2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنەکە ن دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.