ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی دیموکراسییە؛ عێراق هەشتهەمین وڵاتی جیهانە بۆ هەڕەشە لەسەر دیموکراسی
پەرەگراف
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی دیموکراسییەو بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی پێنوێنی دیموکراسی کە پەیمانگای نۆرماندی بۆ توێژینەوە ئامادەی کردووەو پەرلەمانی ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی ١٣٨ وڵات عێراق لە پلەی ١٣٠دایە بۆ هەڕەشە لەسەر دیموکراسی و لە ١٠ خاڵ تەنیا ٣.٦ی بەدەستهێناوەو هۆکارەکانی خستووەتەڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران و تورکیا پاشەکشەیان کردووە لە گەشەی دیموکراسی، ئێران لە پلەی ١١٠دایەو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٧ دابەزیوە، تورکیاش لە پلەی ٩٤ دێت و بەراورد بە ساڵی پێشوو ٤ پلە دابەزیوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لە سویسرا کەمترین هەڕەشە هەیەو ٨.٥ خاڵی بەدەستهێنناوە لە ١٠، لە سووریاش زۆرترین هەڕەشە لەسەر دیموکراسی هەیە کە لە پلەی یەکەم و ١٣٨دایەو تەنیا ٢.٦ خاڵی بەدەسهێناوە لە ١٠.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئازەربایجان ئەمساڵ زۆرترین بەرەو پێشچوونی هەبووە لەسەر ئاستی دونیا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئازەربایجان ساڵی رابردوو لە پلەی ٧٠ بووە، بەڵام ئەمساڵ لە پلەی ٣٤دایە، واتا ٣٦ پلە چووەتە پێشەوەو هۆکاری سەرەکیش گفتوگۆی ئاشتییە لەگەڵ ئەرمینیای دراوسێی لە کێشەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ.
هەریەک لە سەنیگال، ماداگاسکار، گینیا بیساو و هیندستان ئەمساڵ 19 پلە چوونەتە پێشەوە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی نۆرماندی، ١١ هەڕەشەی جیا لەسەر ئاشتی و دیموکراسی لە جیهاندا هەن کە بریتین لە: تیرۆر، قەیرانە ئابوورییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، ناسەقامگیریی وزە، ململانێ و تووندوتیژی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، زانیاریی ساختە، ئاستی پرۆسەکانی دیموکراسی، دەوڵەتی لەرزۆک، تاوانی نێودەوڵەتی لە سنوورەکان و چەکی کۆمەڵکوژ.
دەربارەی عێراق
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە مێژووی کودەتاو شەڕ لە عێراق کردووە لە ١٩٧٩وە، ئەوە دەخاتەڕوو کە هێشتا بە دۆخێکی قورسی ناسەقامگیریی ئاسایشدا تێدەپەڕێت و قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆکی ئەو وڵاتەیان گرتووە.
هەرچەندە لە ساڵی 2023 عێراق لە پلەی 133 بوو، واتە ئەمساڵ سێ پلە چووەتە پێشەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک هەڕەشە لەسەر دۆخی ئاشتی و دیموکراسی لە عێراقدا هەن. ڕاپۆرتەکە باس لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩-٢٠٢١ دەکات لە دژی حکومەت و نەبوونی خزمەتگوزاریی و دەڵێت، هەرچەندە سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەدەست هاتووە، بەڵام ئاستەنگەکان لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ڕەخساندنی هەلی کاردا بەردەوامن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەی هەمەچەشن دەبێتەوە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی ئەمریکا، هەروەها لەژێر هەڕەشەی کاریگەرییەکانی تیرۆردایەو لە ڕیزبەندی 11هەمین وڵاتی جیهانە کە زۆرترین کاریگەریی تیرۆری لەسەرە.
هەروەها عێراق یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پێدەچێت ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک ببێتەوە و پلەی گەرمی زۆر بەرزببێتەوە لە داهاتوودا.
هاوکات ڕاپۆرتەکە باس لە کێشەکەی لویس ساکۆ دەکات کە لە 3ی تەمموزی 2023 لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق فەرمانێکی تایبەتی سەرۆکایەتیی هەڵوەشاندەوە کە دەسەڵاتی بە پاتریارکی کلدانی کاسۆلیکی لویس ڕافایل ساکۆ بەخشیبوو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وەقفی کلدان وەک سەرۆکی کەنیسەی کلدان، بەڵام لە 5ی حوزەیرانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕافایل ساکۆی وەک پاتریارکی کلدان گەڕاندەوە.
ژیریی دەستکردو دیموکراسی
تەوەری ئەمساڵ بۆ ڕۆژی جیهانی دیموکراسی بریتییە لە ‘ژیری دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ حوکمڕانی باش’، بە گرنگیدان بە دڵنیابوونەوە لە حوکمڕانیی کاریگەرانەی ژیریی دەستکرد لە هەموو ئاستەکاندا، بۆ سوود وەرگرتن و لە هەمانکاتدا کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لەسەر توانای ژیریی دەستکرد دەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریی گشتی، یەکسانی، ئاسایش و گەشەپێدانی مرۆیی، بەڵام هۆشداریش دەدات لە مەترسییەکانی ئەگەر بەبێ کۆنتڕۆڵ بمێنێتەوە.