سۆران عومەر: وردبینی تەواو كرا و لیستی مووچەی 28 وەزارەت و سەرۆكایەتی و دەستە كێشەی تێدایە
پەرەگراف
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی تەواو كردووە و لیستی مووچە و میلاكاتی 28 وەزارەت و سەرۆكایەتی و دەستە لە هەرێمی كوردستان كێشە و جیاوازیی زۆری تێدایە".
ئەمە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی لە دانپێدانانی ئەو كێشانەی لیسی مووچە لادەدات و كێشەی مووچە دەخاتە ئەستۆی بەغداد، بەڵام دواجار ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دوێنێ دانی پێدا نا كە دواكەوتنی مووچە بەهۆی "سەرج و تێبینییەكان"ـە لەسەر لیستی مووچەخۆران.
ئەمڕۆ 22-08-2024، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی تەواو كراوە، تەنیا لیست و میلاكاتی دەستەی دەستپاكی و چاودێریی دارایی و دەستەی ژینگە كێشەیان تێدا نەبووە، بۆیە مووچەكەیان خەرج كراوە".
ئەمە لەكاتێكدایە كە دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوت ڕایگەیاند "دوای 31 ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری یەك ملیار و 426 ملیۆن دیناری بۆ تەمویلی مووچەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە خەرج كردووە، كە دەكاتە (%00.14) كۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
وەزارەتی دارایی هەرێم پاساویشی بۆ هەبوونی ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هێنایەوە و وتی "كێشەی یاساییان نییە، بەشێكیان ناوی لێكچوون و ناوی چوارییان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایك و تەمەنیان جیاوازە، بەشێكی دیكەشیان لە هەرێم مووچەیان هەیە و لە عێراق سوودمەندن لە هاوكاریی چاودێریی كۆمەڵایەتی".
لەبارەی زیادبوونی پارەی مووچەی مانگانەیش، وەزارەتی دارایی دەڵێت "بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا كردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە، بڕی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینار زیاد بووە، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە لە تەمویلی داواكراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی، نزیكەی 956 ملیار و 875 ملیۆن دینار دەمێنێتەوە كە نزیك و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە كە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی كردووە.
هەر دوێنێ لە دوای كۆبوونەوەی خۆی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دانی بەوەدا نا كە نەناردنی مووچە بەهۆی "سەرنج و تێبینی"ـیەكانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوەیە لەسەر لیستی مووچەخۆران، بەڵام و دەڵێت "نابێت بە هیچ جۆرێك ئەوە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچە".