ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم: نابێت سەرنج و تێبینییەكانی چاودێریی دارایی ببێتە هۆی ڕاگرتنی مووچە

21-08-2024 05:39

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دانی پێدا دەنێت كە نەناردنی مووچە بەهۆی "سەرنج و تێبینی"ـیەكانی دیوای چاودێریی دارایی عێراقەوەیە لەسەر لیستی مووچەخۆران و ڕایدەگەیەنێت "نابێت بە هیچ جۆرێك ئەوە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچە".

كێشەی مووچە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بووە و ئەنجوومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "زیاتر لە 30 ڕۆژە لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمووز بە سەرجەم زانیارییە داواكراوەكان ڕەوانە كراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ مووچەكە خەرج نەكراوە".

ئەنجوومەی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ ئاماژەدان بەوە كە "كە بە بڕیاری دادگا، مووچە بەدوور گیراوە لە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت"، هاوكات دەشڵێت "وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم سەرجەم پابەندییەكانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ جێبەجێ كردووە".

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دەرەنجامی كارەكانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ و هەرێم، بۆ سێ مانگی یەكەمی 2024، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاك و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفیی یەكگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، ڕاوێژكار لە نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیران، خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەكان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و فیدراڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێكی تەكنیكی لە بەردەم خەرجكردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە كاتی خۆیدا. لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە بەرپرسیارێتی وەزارەتی داراییی فیدراڵە، مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێرێت كە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیارییە داواكراوەكان ڕەوانە كراوە؛ بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەكراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوور گیراوە لە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی داراییی مووچەخۆرانە و نابێت تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە بكرێت. لە هەمانكاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم سەرجەم پابەندییەكانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ جێبەجێ كردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیارییەكانی تۆماركراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجییەكانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ لە كاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ وەزارەتی داراییی فیدراڵ ناردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی كردەوە، كە نابێت بەهیچ جۆرێك هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەك ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە دەكرێت. ئەمە مامەڵەیەكی جیاكارییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە دڵنیاین، دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی كەموكورتییەكانی ژمێریاریی دامەزراوەكانی فیدراڵ پێشكەش دەكەن؛ بەڵام هیچ كات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق نەبردووە. بۆیە پێویستە بە زووترین كات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت، وەزارەتەكانیش لە نزیكەوە كار لەسەر ڕاسپاردەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم و بەغدا دەكەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەكانی چاودێریی دارایی، ببنە هۆی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی لەبارەی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ خستەڕوو تایبەت بە یەكخستنی ڕێكار و ڕێنماییە داراییەكان لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە بواری داراییی گشتی و سیستمە ژمێریارییەكان، بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەكارییەكانی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوان و سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بكەن، بۆ گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی بڕیارێك لەمبارەیەوە، تا لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.

بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر ڕۆشناییی دوا كۆبوونەوەی هاوبەش، لە ڕێكەوتی 8/14 و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوە تایبەت بە ئەرك و ڕۆڵی وەزارەتەكانی هەرێم لە پێشكەشكردنی ئاسانكاریی لۆجیستی بۆ كۆمیسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات كردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كەشێكی ئارامدا كردەوە.

دوا بڕگەی كۆبوونەوە، پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك بوو لەلایەن كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە پرۆسەی كڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەكانیان و بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.

ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێكەوە كاری پێویست بكەن بۆ بەبازاڕكردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم، كە لە لایەن حكوومەتی فیدراڵەوە وەرنەگیراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی كڕینەوەی گەنم لە لایەن كەرتی تایبەتی هەرێم كە گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینكردنی شایستە داراییەكانیان.