پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی "چوار گەورەقاچاغچی" پەیوەست بە كەیسی ژێرئاوكەوتنی یەختەكەی كەناراوەكانی ئیتاڵیا ڕادەگەیەنێت كە تێیدا دەیان هاووڵاتیی هەرێم بوونە قوربانی.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پاش بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لەناردنی ئەو هاووڵاتیانە بە ڕێگەی قاچاغ بۆ كەناراوەكانی ئیتاڵیا، توانرا لە ڕۆژی 25-6-2024 چوار تۆمەتباری گەورەقاچاغچیی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بە ناوەكانی (ح،ح،ع )،(ب،س،م)( م،ج،أ )،( د،ع،س ) دەستگیر بكەین".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە "هەوڵ و بەدواداچوونەكانمان بەردەوامە و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان هەر كەسێكی تر ناوی بێت و بەشدار بێت لە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی هەرێم، دەستگیر دەكرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە".
تۆمەتباران بە یاسای ژمارە (٢٨)ـی ساڵی ٢٠١٢ دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.
ڕۆژی پێنجشەممە 10-6-2024، بەلەمێكی كۆچبەران بە 76 كۆچبەرەوە لە كەناراوەكانی ئیتاڵیادا ژێرئاو كەوت و تەنیا 11 كەس ڕزگار كران، 65 كەسی دیكە گیانیان لەدەست دا كە نزیكەی 40 تەرم دۆزراونەتەوە و هێشتا بەشێكیان بێسەروشوێنن.
دەیان كۆچبەری كوردی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو بەلەمەكەدا بوون، بەو هۆیەوە سەرجەم ئەندامانی چەند خێزانێك خنكان. لەو 11 كەسەی ڕزگار كراون زۆرینەیان كوردن و پەرەگراف لە زاری یەكێك لەو كۆچبەرانەوە چیرۆكی ڕووداوەكەی بڵاو كردەوە.
"چوار ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لەناو دەریادا ماینەوە. تەنیا شتێك كە دەمانتوانی بیخۆین، ئاوی سوێری دەریا بوو. ڕۆژانە چەند كەسێك لە برسێتی و تینوێتیدا دەمردن. كەشتییەكی فەرەنسی لە كاتژمێر 1:30 خولەكی شەو (شەوی 16 لەسەر 17ـی مانگ) ڕزگاری كردین"، ئەو كۆچبەرە وای وت.
ڕوئیا، كە ژنە كۆچبەرێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ڕووداوەكەدا ڕزگاری بووە، دەڵێت "كە كەشتییەكە هەڵگەڕایەوە، خەڵكەكە بەسەر ڕووی ئاوەكەدا بڵاو بوونەوە و نیوەیان لە 10 خولەكی یەكەمدا خنكان. 35 بۆ 40 كەس ماینەوە كە خۆمان بە بەلەمەكەوە ڕاگرتبوو كە ئەوانیش ڕۆژانە دەمردن".