پەرەگراف
"چوار ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لەناو دەریادا ماینەوە. تەنیا شتێك كە دەمانتوانی بیخۆین، ئاوی سوێری دەریا بوو. ڕۆژانە چەند كەسێك لە برسێتی و تینوێتیدا دەمردن. تەنیا 10 كەسمان ماینەوە. كەشتییەكی فەرەنسی لە كاتژمێر 1:30 خولەكی شەو (شەوی 16 لەسەر 17ـی مانگ) ڕزگاری كردین"، ئەمە چیرۆكی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەرانە لە زاری كۆچبەرێكی كوردەوە.
ڕۆژی دووشەممە 10-6-2024، بەلەمێكی كۆچبەران بە زیاتر لە 70 كۆچبەری عێراق و ئێران و سووریاوە كە نیوەیان كوردی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون، لە شاری بۆردڕوومی توركیا بەرەو ئیتاڵیا بەڕێ كەوتووە. بەلەمەكە لە چوارەم ڕۆژدا گەیشتووەتە ناوچەی ئاوی ئازاد لە دەریای سپیی ناوەڕاست و بە ئاراستەی ئیتاڵیا بەردەوام بووە لە ڕۆیشتن.
ڕۆژی پێنجشەممە 13-6-2024 و لە چوارەم ڕۆژدا، بەلەمەكە كونی تێ بووە و هەوڵی زۆریان بۆ ڕێگری لە ژێرئاوكەوتنی داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و بەلەمەكە هەڵگەڕاوەتەوە.
ڕوئیا، كە ژنە كۆچبەرێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ڕووداوەكەدا ڕزگاری بووە، لە گفتوگۆیەك لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری، لە نەخۆشخانەیەکى ئیتاڵیاوە چیرۆكی كارەساتەكە دەگێڕێتەوە.
ڕوئیا دەڵێت "كە كەشتییەكە هەڵگەڕایەوە، خەڵكەكە بەسەر ڕووی ئاوەكەدا بڵاو بوونەوە و نیوەیان لە 10 خولەكی یەكەمدا خنكان. 35 بۆ 40 كەس ماینەوە كە خۆمان بە بەلەمەكەوە ڕاگرتبوو".
وەكوو روئیا دەڵێت، لە كۆی كۆچبەرەكان، تەنیا خۆی و ئەم نۆ كەسە لە ژیاندا ماون "هاوكار، مژد عومەر، میران قادر (كوڕی مژدە)، لارین ڕێبوار، ئاكۆ قازیزادە، ناسر ڕەمەزانی، ڕادش (وەفا)، پیاوێكی توركمانی عێراقی، پیاوێكی خەڵكی سووریا)". دەشڵێت "كۆچبەرێك بە ناوی حەدیس تا گەیشتینە ئیتاڵیاش مابوو، لێرە كۆچی دوایی كرد".
چوار کۆچبەرى کوردى هەرێمى کوردستان، چوار کۆچبەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کۆچبەرێکى تورکمان و کۆچبەرێکى سوورى ڕزگاریان بووە، زیاتر لە ٦٠ کۆچبەرى دیکەى کورد و سوورى خنکاون، کە تەرمى زۆرینەیان هێشتا نەدۆزراوەتەوە.
پۆلیسى ئیتاڵیا لە هەڵمەتى گەڕان بەدواى کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا تەرمى چەند کۆچبەرێکى لە دەریا دەرهێناوەتەوە. دوێنێ تەرمى سێ کۆچبەر و ئەمڕۆ چەند تەرمێکى دیکە کە ژمارەیان دیار نییە، دۆزراونەتەوە.
ڕوئیا باسی چركەساتی ڕزگاركردنیان لەلایەن كشتییەوە فەرەنسییەكەوە دەكات و دەڵێت "زۆر هاوارمان كرد، ئیتر نزیكبوونەوە لێمان و لایتیان تێگرتین. بینییان كە ئێمە خەریكە نوقم دەبین، تەنافیان بۆ هەڵداین، چوارپێنجێكمان كە هێزمان تێدا بوو، بە تەنافەكەدا و بە مەلەكردن ڕۆیشتین، بەڵام چوارپێنجێكی دیكەمان نەیاندەتوانی، بە بەلەمێكی بچووك ئەوانیشیان ڕزگار كرد".
وەكوو ئەو كۆچبەرە ڕزگاربووە باسی دەكات، بەر لە بەلەمە فەرەنسییەكە، دوو بەلەمی دیكە بەلای ئەو كۆچبەرانەدا تێپەڕیون، بەڵام هەرچی هاواریان كردووە، بەهانایانەوە نەچوون.