پەرەگراف
ئەمڕۆ دادگای سلێمانی سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر بكوژی خواناس وریادا سەپاند، بەڵام كەسوكاری داوای سزای لەسێدارەدان دەكەن.
دایكی ئەو گەنجە شانۆكارە لە دوای بڕیارەكەی دادگا وت "داوا دەكەم سزای بكوژی كوڕەكە بۆ لەسێدارەدان بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی كوڕەكەم تیرۆر كراوە و بكوژەكە خۆی دانی پێدا ناوە ساڵێك بەر لەوە چاودێریی كوڕەكەمی كردووە".
كەسوكاری خواناس وریا لە ماوەی داهاتوودا ڕێگەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە داوای پێداچوونەوە بە سزاكە و قورستركردنی دەكەن، ئەویش بە گۆڕینی بۆ سزای لەسێدارەدان.
خواناس وریا، شانۆكار و گەنجێكی بەهرەمەندی تەمەن 25 ساڵی خەڵكی چەمچەماڵ بوو، ساڵێك لەمەوبەر و لە ئێوارەی 23-6-2023 لەلایەن ماتۆڕسوارێكەوە بە دەستڕێژی گولـلە كوژرا.
دوای 24 كاتژمێر تۆمەتبارەكە دەستگیر كرا و دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "بكوژی خواناس وریا هۆكاری كوشتنەكەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئایینی گەڕاندەوە، دانی ناوە بەوەی كە چەند جارێك گفتوگۆیان كردووە و لێكتێنەگەیشتن ڕووی داوە".
بنەماڵەی خواناس وریا ڕایانگەیاند، بەهۆی "جیاوازیی بیروڕای ئاینییەوە" لەلایەن گەنجێكی تووندڕەوەوە تەقە لە كوڕەكەیان كراوە و كوژراوە. وتیشیان "ئێمە ئەم ڕووداوە بە تیرۆرێكی بێ پاساو كوشتنێكی ناڕەوا دەزانین، لە هەمان كاتیشدا پێمان وایە وەڵامی وتن و قسە بە فیشەك نادرێتەوە، ئەمە ئەگەر پاساوێكی وەها بوونی هەبێت كە ئێمە ئاگاداری نیین".
تۆمەتبارەكە تەمەنی ٢٨ ساڵەو كاریگەر بووە بە گوتارەكانی یەكێك لە بانگخوازەكانی ڕەوتێكی سەلەفیەت و لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تیكتۆك تەنها گوتارەكانی ئەو مامۆستا ئایینییەی بڵاو كردووەتەوە.