بنەماڵەی خواناس وریا: کوشتنی کوڕەکەمان تیرۆرێکی بێ پاساوە

23-06-2023 10:55

پەرەگراف

بنەماڵەی خواناس وریا ئەو گەنجەی لە چەمچەماڵ بەھۆی "جیاوازیی بیروڕای ئاینییەوە" لەلایەن گەنجێکەی تووندڕەوی ئیسلامییەوە تەقەی لێکراو کوژرا، ڕایدەگەیەنن "ئێمە ئەم ڕوداوە بە تیرۆرێکی بێ پاساو کوشتنێکی ناڕەوا دەزانین، لەهەمان کاتیشدا پێمان وایە وەڵامی وتن و قسە بە فیشەکنادرێتەوە، ئەمە ئەگەر پاساوێکی وەها بوونی هەبێت کە ئێمە ئاگاداریی نین".

بنەماڵەکەی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوە دەکەنەوە "کەیسی تیرۆری کوڕەکەمان بە یاسا سپاردوە هیوادارین لەم کەیسەدا یاسا و دام ودەزگاکانی جێبەجێکردن کاری خۆیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریمان بۆ بەدیبهێنن".

ئێوارەی دوێنێ لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ کە ناوی خواناس وریایە و شانۆكارە، لەلایەن ماتۆڕسوارێكەوە بەدەستڕێژی گولـلە كوژرا. ئەمڕۆ بکوژ دەستگیر کراو دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "بکوژی خواناس وریا هۆکاری کوشتنەکەی بۆجیاوازیی بیروڕای ئایینی گەڕاندەوە، دانی ناوە بەوەی کە چەند جارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕووی داوە".

تۆمەتبارەکە تەمەنی ٢٨ ساڵەو کاریگەر بووە بە گوتارەکانی یەكێك لە بانگخوازەكانی ڕەوتێكی سەلەفیەت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک تەنھا گوتارەکانی ئەو مامۆستا ئایینییەی بڵاو کردووەتەوە.

شەوی ڕابردوویش دوای كوشتنی خواناس، تۆمەتبارەکە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیی "ڕێگە نادەم جنێو بە (رسول اللە) بدرێت". ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستە هیچ بەڵگەیەک نییە کە خواناس وریا دژایەتیی ئایینی کردبێت.

دەقی راگەیاندراوەکەی بنەماڵەی خواناس وریا:

"بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

رونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی کۆچکردو خواناس وریا گلی..

لە بەرواری ٢٢\٦\٢٠٢٣، لە دەوروبەری کاتژمێر ٥:٣٠ دەقیقە و بە ڕۆژی رووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە لەناو ئاپۆڕای بازاڕی شاریچەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولە کوڕەکەمان تیرۆرکرا، ئەمە بەلای ئێمەوە کارێکی ناڕەوا و بێ پاساوە، بۆیە بە بیستنی هەواڵەکە تووشی شۆکبووین، چۆن دەکرێت لەناو قەرەباڵغی ئاپۆڕای باڕاڕی شار بە ڕۆژی ڕووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە کەسێک دەستی بچێت لە خوێنیکوڕەکەمان، بۆیە لێرەدا ئێمە وەک بنەماڵەی کۆچکردو سەبارەت بەم رووداوە ئەم خاڵانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو:

١. بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەکی ئاینی و ڕۆشنبیری، دیاری شاری چەمچەماڵ و دەڤەری کەرکوکە جگە لە دەستی خزمەت لە شارەکە، لە هیچکاتێکدا هیچ خراپە و کێشەیەکمان بۆ هیچ کەس نەبووە و کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە و لەگەڵ بکوژ و بنەماڵەکەشیدا هیچ کێشەیەکماننەبووە.

٢. ئەو کوڕە کوڕی ئێمەیە و حاشای لێناکەین، ئێمە وەکو خانەوادە شانازی دەکەین بە پابەندبوونمان بە ئاینی ئیسلامەوە، ناشمان ئەوێتکەس گومان لەسەر ناسنامەی ئاینیمان و پەبەندبوونمان بە ئاینەوە بۆ دروست بکات، کوڕەکەمان هەر بیروبۆچونێکی هەبوبێت، بەهەڵچوونیگەنجی و کاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام کراوە و چەند مانگێکە لەسەرخۆ ڕووەو بیر و باوەڕی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو ودڵمانخۆشبوو بەوەی ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا.

٣. کوڕەکەمان هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی هەبێت تازە حسابی لە دونیادا پێچراوەتەوە بۆ قیامەت، ئێستا ئەسپەردەی لای خودایە و نزامانلێخۆش بوونیەتی لای پەروەردگا.

٤. جەخت لەوە دەکەینەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکاری یاساییمان گرتەبەر، لە ئێستادا ئەم کەیسە، کەیسێکی یاساییە و لە دەست پۆلیس ودەزگا ئەمنیەکانە. بۆیە هیوادارین ئەوان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن چی رێکارێکی یاسایی هەیە بیگرنەبەر. ئێمە کەیسەکەمانداوەتە دەست یاسا، داواکارین یاسا دادپەری بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا ئاگادارکراوینەتەوە کە ڕادەستیئاسایش کراوە.

٥. سەبارەت بەوەی کە هۆکاری ڕووداوەکە چیە ئێمە هیچ شتێک لە خۆماندا شک نابەین و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە، ئەوە پۆلیس ودەزگا ئەمنیەکانە پێویستە لێکۆڵینەوە بکەن و هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی.

٦. تکامان وایە لە هەموو لایەک بە تایبەت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕ و پەیچ ئەکاونت و کەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا، لە خۆوە لێدوان وڕاپۆرتی بێ زانیاری بڵاونەکەنەوە، هێندەی تر ڕووحی برینداری ئێمە ئازار مەدەن.

٧. ئێمە ئەم ڕوداوە بە تیرۆرێکی بێ پاساو کوشتنێکی ناڕەوا دەزانین، لەهەمان کاتیشدا پێمان وایە وەڵامی وتن و قسە بە فیشەک نادرێتەوە،ئەمە ئەگەر پاساوێکی وەها بوونی هەبێت کە ئێمە ئاگاداریی نین.

لەکۆتاییدا دیسانەوە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێمە کەیسی تیرۆری کوڕەکەمان بە یاسا سپاردوە هیوادارین لەم کەیسەدا یاسا و دام ودەزگاکانی جێبەجێکردن کاری خۆیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریمان بۆ بەدیبهێنن."