پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و پێویستە هەموو لایەنەكان پابەند بن بەو وادەیەی كۆمسیۆن پێشنیازی كردووە، كە ٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵە و هیچ بیانوویەكی بۆ دواخستنی پرۆسەكە نەهێشتووەتەوە.
ئەو وتانەی سەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی حیزبەكەی. جەختیشی كردووەتەوە كە "یەكێتی پێشوازی لەو پێشنیازەی كۆمیسیۆن دەكات".
ئەم قسانەی سەرۆكی یەكێتی لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند "تازە ئەستەمە لە 5ـی ئەیلوول كە كۆمیسیۆن پێشنیازی كردبوو، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژەی بەوە كرد كە كۆمیسیۆن مانگێك لەمەوبەر ئەو پێشنیازەی كردووە، بەڵام لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە وەڵام نەدراوەتەوە و فەرمانی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا دەرنەكراوە، بۆیە ئێستا كۆمیسیۆن پێویستی بە كاتی زیاترە و "دەبێت وادەیەكی نوێ دیاری بكرێت".
بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی حیزبەكەی ڕایگەیاندووە "یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پرۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و ڕەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان".
سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەست بە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن و پێكەوە لەپێناو كوردستانێكی بەهێزتر و داهاتوویەكی پرشنگدارتر هەنگاو بنێن. پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان تێكەڵی ململانێ ناڕەواكان نەكرێت".
لە نووسراوێكدا كە كۆمیسیۆن لە 28-5-2024 ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كردووە، پێشنیازی كرد لە 5-9-2024 پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرۆكی هەرێم وەڵامی كۆمیسیۆنی نەداوەتەوە و هێشتا وادەی نوێیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكردووە.
سەرچاوەیەك باڵا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پاش كۆبوونەوە و ڕاوێژ لەگەڵ حیزبەكان، سەرۆكی هەرێم وادەی هەڵبژاردن دیار بكات". ئەو سەرچاوە وتیشی "هەڵبژاردن دەكەوێتە مانگی 10".