وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى مانگى ئایارى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى خەرج کرد

23-06-2024 12:19

پەرەگراف

وەزارەتى دارایى عێراق بڕیارى خەرجکردنى مووچەى مانگى پێنجى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانى دا. پەرلەمانتارێک ڕایدەگەیەنێت، لە مانگى داهاتووەتەوە کێشەکە بە تەواوى چارەسەر دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ خەرجکردنى مووچەى مانگى شەشى هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣-٦-٢٠٢٤، وەزارەتى دارایى عێراق بڕیارى دا مووچەى هێزە ئەمنییەکان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ مانگى پێنج خەرج بکات.

کاروان یاروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک دەڵێت "ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی مانگی پێنجی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایش و ناوخۆی خەرج کرد. ئیتر لەمەودوا لە مووچەی مانگی شەشەوە، لەگەڵ وەزارەتە مەدەنییەکان مانگانە بەیەکەوە خەرج دەکرێت".

"مانگی ڕابوردوو لە کاتی دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش، نامەیەکی کراوەمان ئاراستەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و نووسینگەی بەڕێزیان لە وەڵامدا دڵنیایى دا کە سەرۆکوەزیران کێشەکە چارەسەر دەکات"، کاروان یاروەیس وا دەڵێت.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە تەرخانی دەکەن بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت و لەمەودوا وەک هاوکاری بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت و پەیوەندیی بە مووچەوە نامێنێت، بەوپێیەی عێراق مووچەی پێشمەرگە دابین دەکات.