پەرەگراف
ئەو بڕە پارەیەی هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە تەرخانی دەکەن بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت و لەمەودوا وەک هاوکاریی بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت و پەیوەندیی بە مووچەوە نامێنێت بەوپێیەی عێراق مووچەی پێشمەرگە دابین دەکات.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەو پشتیوانیە داراییەی کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت، بریاردرا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی حوزیرانی ٢٠٢٤ دەست بەدابەشکردنی هاوکاری مانگی پێنج بکرێت. ئەم بڕە پارەیە، لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێت بە هێزی پێشمەرگە و هیچ پەیوەندیەکی بە مووچەوە نیە".
لە کۆتایی مانگی شەش نزیک دەبینەوەو هێزەکانی پێشمەرگە هێشتا مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە، ئەوەش بەهۆی نەناردنی مووچەکانیان لە بەغداوە لەسەر هەبوونی کێشە بە نێوان هەرێم و عێراق لەسەر لیستی ناوەکانیان و وردبینیکردن لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.
هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان دەکەن، ئەو یارمەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگەیە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان و بە لیوا هاوبەشەکان ناو دەبرێن. دەوروبەری 100 هەزار پێشمەرگەی دیکەش هەن کە سەربە یەکەکانی ٨٠ی پارتی و ٧٠ی یەکێتین.
بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگانەو ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی نیگەرانییەکانیان بەهۆی سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لێكتێگەشتنی فەرمی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژۆكراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكیتر نوێكرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كهموكوڕييهكانى پێشمهرگەیە، لەگەڵ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سهرخستنى پڕۆسهى چاكسازى له وهزارهتى پێشمهرگه و يهكخستنهوهى يهكه و هێزهكانى پێشمهرگه.