پەرەگراف
ئاری هەرسین دەڵێت "دادگای فیدراڵی بە حساباتەكانی خۆیدا چووەوە و سەلماندمان بەبێ پارتی هیچ ناكرێ". جەختیش دەكاتەوە كە "سەرەڕای تێبینیمان، پارتی بڕیاری داوە بەشداریی ھەڵبژاردن بكات".
پارتی دیموكرات بە فەرمی كۆمیسیۆنی ئاگادار كردووەتەوە كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات، ئەویش پاش ئەو گۆڕانكارییانەی كە ئەنجام دران، بە تایبەت وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و گەڕاندنەوەی بەشێك لە كورسیی پێكهاتەكان، هەرچەندە بەشێك لە گۆڕانكارییەكان بەو شێوەیە نەبوون كە پارتی داوای دەكرد.
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت "زۆر كەس گرەوی لەسەر ئەوە كردبوو ئەگەر پارتی بەشداریی ھەڵبژاردن نەكات، ھیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ و ھەڵبژاردن ھەر دەكرێت، دواجار سەلمێنرا كە پارتی وەكوو گەورەترین پارتی سیاسی لە كوردستان، ژمارەیە و بەبێ پارتی ھیچ ناكرێ".
بەرپرسی لقی چواری پارتی، گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن بە "سەركەوتنێكی گەورە" وەسف دەكات و پێی وایە "پشكی شێری ئەو سەركەوتنەش بەر جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەوێت".
"بەو سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك لەسەر بنەمای خۆ نەچەماندن، چەندین جار ئەمەی بەرجەستە كردووە لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا و سەركەوتنی بەدەستھێناوە"، ئاری هەرسین وا دەڵێت.
ئاری هەرسین دەشڵێت "دادگای فیدڕاڵی بە حیساباتی خۆیدا چووەوە و چووە ناو گۆڕانكارییەكان، دەبینین ئێستا چاوەڕێی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ دیاریكردنی وادەی نوێی ھەڵبژاردن".
تا ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەی نوێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاری نەكردووە. كۆمیسیۆنی پێشنیاری كردووە هەڵبژاردن لە 5-9-2024 بەڕێوە بچێت. چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پرسە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حیزبەكان یەكلا بكرێتەوە.
بەر لە چەژن سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشنیاری بۆ لایەنەكان كردووە كە هەڵبژاردن لە نێوان 15-9-2024 تا 15-10-2024 ئەنجام بدرێت، داوای لە لایەنەكانیش كردووە بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە دەرببڕن".
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای تۆماركردنی هاوپەیمانێتی و حزب و كاندیدی پێكهاتەكان و كاندیدی تاكەكەسیی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تا 24-6-2024 درێژ كردووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت تا ئەو ڕۆژ پارتی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش بە كۆمیسیۆن بكات و ڕۆژی هەڵبژاردنیش لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری بكرێت.