نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆ لەگەڵ حیزبەکان دەکات بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن

16-06-2024 11:31

 

پەرەگراف

پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێم سەرقاڵە بۆئەوەی لەگەڵ حیزبەکان گفتوگۆو هەماهەنگیی بکات بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، بەشێک لە داواکارییەکانی پارتی دەربارەی هەڵبژاردن جێبەجێ بوون و ئومێدەوارن بەشەکەی دیکەش جێبەجێ ببێت، "ئەوەی پارتی داوای کردووە هەڵبژاردنەکە ئازادانەو شەفاف بێت و هیچ مەبەستێکی شەخسیی لە داواکارییەکانی نەبووە".

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیی و حزب و کاندیدی پێکهاتەکان و کاندیدی تاکەکەسیی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردووەتەوە تا 24-6-2024.

هێشتا سەرۆکی هەرێم وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریی نەکردووە، کۆمسیۆن پێشنیار دەکات لە 5-9-2024 پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان و سیستەمی چوار بازنەیی جێگیر ‏كردووە، پەرلەمانی کوردستانیش وەكوو ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە ‏‏لە "100 كورسی" پێك دێت.‏

كورسیی پێكهاتەكان بەپێی پێشنیارێكی دەستەی یاسایی كۆمیسیۆن بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

بەپێی بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر ‏چوار بازنەی هەڵبژاردندا جێگیر كراوەو كورسییەكان بەم جۆرە دابەش ‏كراون (پارێزگای هەولێر: 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی).‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوەو دواین وادە 10-6-2024 دیاریکرا بەڵام لەو ڕۆژەشدا ناکرێت و بۆ چوارەم جار دوادەخرێت، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) بەڵام لەو دوو ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.