وەزارەتی دارایی: بانكێکى نوێ لە هەژماری من بەشدار دەبێت

06-06-2024 08:43

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "بانکێکی نوێ کە بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)ـە، دەبێت بە هەشتەمین بانک کە بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من دەکات".

وەزارەتەکە ڕوو لە فەرمانبەران دەشڵێت "ئێستا لە کاتی خۆ تۆمارکردن، دەتوانیت بانکی دڵخوازی خۆت لە نێو 8 بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە هەڵبژێریت و بانکی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا بەشدار دەبن".

وەزارەتی دارایی هەرێم، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە ڕیزی ئەو بانکانە ئەژمار کردووە کە بەشدارییان لە پرۆژەی (هەژماری من) کردووە، لە کاتێکدا تا ئێستا ئەو بانکە پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە بەشداریی ئەو پرۆژەی کردبێت، بەڵام بە ڕاشکاوی و فەرمییش ڕەتی نەکردووەتەوە.

بانکی تی بی ئای کە بانکێکی فیدراڵییە، پێشتر ڕایگەیاندووە کە "لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی"، هاتووە بەشداری لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکات.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان بانکی تی بی ئای و تیمی هەژماری من و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

لە 8-5-2024 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچە دەكات". بەڵام هەمان ڕۆژ تی بی ئای ڕایگەیاند "بەشداری لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم (تەوتین) دەكەین، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە "بانکە فیدراڵییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێم" ئەنجام بدرێت، ئەوەش تاکە مەرجی بەردەوامبوونى ناردنی مووچەیە.

تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (تەوتین) بەو جۆرەی لە بڕیارەکەی دادگای فیدرڵیدا هاتووە، دەستی پێ نەکردووە.

بەپێی بڕیارەکە، دەبێت حکومەتی هەرێم لیستی ناو و داتا و زانیاریی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان بە تەواوی ڕادەستی بانکی تی بی ئای بکات، بۆ ئەوەی هەژماریان بۆ بکرێتەوە، جگە لەوانەى لە هەژمارى من تۆمار کراون، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا سێ لیستی ناوی فەرمانبەرانی ڕادەست کردووە کە ژمارەیان 3378 فەرمانبەرە، ئەوانیش لە ڕێگەی هەژماری منەوە داوای بەبانکیکردنیان کردووە، واتە ناچێتە چواچێوەی تەوتین.

ڕۆژى 4-6-2024، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد کە ٣٦٨ کارتە.

د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگەیاند "ئەو 368 كارتی بانكییەی كە لەلایەن بانكی TBI بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست كراوە، لە چوارچێوەی تەوتیندا نییە و حكومەتی عێراق بە تەوتینی حیساب ناكات".

د. فازڵ نەبی وتیشی "خۆم قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانكی تی بی ئای كرد، بە منی وت: ئەوە تەوتین نییە، تەوتین ئەوەیە كە ئێمە لیستی ناو و زانیاریی وەزارەتێكمان بە تەواوی پێ‌ بدرێت".

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكات كە ئەو لیستی دووەمەی حكومەتی هەرێم بۆ تی بی ئای ناردووە و ژمارەیان 453 فەرمانبەرە، "كێشەی بۆ دروست بووە و وەكوو پێویست ئیشی لەسەر نەكراوە".

د. فازڵ نەبی وا دەڵێت "بەرپرسانی بانكی تی بی ئای سەبارەت بە لیستی دووەم گلەییان لەوە هەبووە كە ئەو پرۆسەیەی بەڕێوە دەچێت، هەژمار منە نەك تەوتین. وتیان: ئێمە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە فەرمانمان پێ‌ كراوە كە تەوتین بكەین، نەك بچینە ناو هەژمار من".