پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، سێیەم لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە زانیارییەکانی 2557 فەرمانبەرە ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.
ئەوە لەکاتێکدایە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لیستی یەکەم و دووەم ئاڕاستەی بانکەکە کرا کە زانیارییەکانی 821 فەرمانبەرەو هێشتا بانکەکە دەستی نەکردووە بە کردنەوەی هەژمارەکانیان، ڕوون نییە کە تی بی ئای لە ئامادەیە لە چوارچێوەی هەژماری من دا هەژماری بانکیی بکاتەوە یاخود نا.
ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی لەبارەی ناردنی سێیەم لیست بۆ تی بی ئای
ڕۆژی پێنجشەمە ٣٠ ی ئایاری ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سێهەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (٢٥٥٧ ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) هەیە وەزارەتمان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردودا وەزارەتی دارایی و ئابوری داتاو زانیاری بە سێ لیست بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) ناردووە، لیستی یەکەم ( ٣٦٨ ) فەرمانبەرو لیستی دووەم (٤٥٣ ) فەرمانبەرو لیستی سێیەم ( ٢٥٥٧ ) فەرمانبەر بوون، تا ئێستا کۆی گشتی داتاو زانیاری ( ٣٣٧٨ ) فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ).
وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان. ٢٠٢٤/٥/٣١