وەزارەتی دارایی لیستێكی ناوی مووچەخۆرانی بۆ تەوتین ئاراستەی بانكی TBI كرد

18-05-2024 10:42

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لیستی ناوی 368 فەرمانبەری ئاراستەی بانكی TBI كرد بۆ ئەوەی پرۆسەی بەبانكیكردنیان بۆ ئەنجام بدات و هەژماریان بۆ بكاتەوە، بەڵام لیستەكە لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)ـدا نێردراوە و هێشتا دیار نییە بانكەكە ئامادەیە بەو شێوەیە هەژمار بۆ مووچەخۆران بكاتەوە یان نا.

لە نووسراوێكدا كە ڕۆژی 16-5-2024 ئاراستەی بانكی تی بی ئای كراوە واژووی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی لەسەرە، هاتووە "ئاماژە بە نووسراومان ژمار 142 لە 28ـی نیسانی 2024، كە خۆی دەبینێتەوە لە بانگهێشتی بانگەكەتان بۆ بەشداری لە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كەرتی گەشتیی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو كۆبوونەوانەی ئەم دواییە كە لە ڕێكەوتی 5 و 6ـی ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی (هەرێم) كراوە، پێتان ڕادەگەیەنین كە 368 فەرمانبەر بانكەكەی ئێوەیان هەڵبژاردووە".

هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە كە "لەم خشتەیەی خوارەوە وردەكاریی (داتا و زانیاریی) سوودمەندبووانی هەیە"، بۆ ئەوەی بانكی تی بی ئای بۆ كردنەوەی هەژمار بۆیان سوودی لێ‌ وەربگرێت.

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم دەڵێـت "وەكوو سووربوونمان لەسەر ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان پرۆژەی هەژماری من و بانكی بازرگانیی عێراق، لە ڕیگەی ئینتەرنێتەوە فۆڵدەرێكتان بۆ دەكەینەوە بۆ ئەوەی دەستتان بە تەواوی زانیارییە پێویستەكانی فۆڕمی (كەی وای سی) بگات، هەروەها تەواوی ئەو بەڵگە پێویستانەی بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی پێویستە بەپێی داواكارییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق".

بەپێی ناوەرۆكی ئەم نووسراوە، حكومەتی هەرێم فۆرمێكی پرۆژەی (هەژماری من)ـی بەو 368 فەرمانبەرە پڕكردووەتەوە كە تێیدا ناوی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) وەکوو یەكێك لە بانكە بەشداربووەكانی پرۆژەی هەژماری من هەیە، ئەو فەرمانبەرانەیش بۆ كردنەوەی هەژمار ئەو بانكەیان هەڵبژاردووە.

پێشتریش وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بانگەیەشی ئەوەی كرد كە بانكی تی بی ئای بەشداریی یرۆژەی هەژماری منی كردووە بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام بانكی ناوبراو لە دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیدا ئەو بانگەشەیەی پشتڕاست نەكردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەك ناوی پرۆژەی هەژماری منی نەهێناوە.

بانكی تی بی ڕایگەیاندووە كە "وەكوو بانكێكی حكومی لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و لەسەر داواكاریی سەرۆكوەزیرانی عێراق"، بەشداریی بەبانكیكردن (تەوتین)ـی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات.

تی بی ئای ڕوونیشی كردووەتەوە كە "بڕیارەكەی ددگای فیدراڵی دەڵێت: پرۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو بانكە حكومییە ‏فیدراڵییانە دەكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم كار دەكەن".

بانكی تی بی ئای دوو جار ڕایگەیاندووە كە چاوەڕێی حكومەتی هەرێمە لیستی ناو و بەڵگەنامەی مووچەخۆرانی ڕادەست بكات بۆ ئەوەی دەست بە پرۆژەی تەوتین بكات.