پەرەگراف
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات كە "ئەگەر حكومەتی هەرێم لەم مانگەدا ڕێكارەكانی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق جێبەجێ نەكات، كێشە بۆ مووچەی مانگی ئایار دروست دەبێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بۆ میدیای فەرمیی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە حكومەتی هەرێم پەلە بكات لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەخۆرانییەوە".
لەبارەی ئەوەی كە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند "بانكی تی بی ئای بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من داەكات"، د. نەرمین مەعرووف دەڵێت "پەتی درۆ كورتە و دەركەوت بە هیچ شێوەیەك بانكی بازرگانیی عێراقی TBI نەچووەتە ناو پرۆژەی هەژماری منەوە".
"باشترە لەبری ئەم چەواشەكارییانە، حكومەتی هەرێم پەلە بكات لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی تەوتینی مووچەخۆران"، د. نەرمین مەعرووف وا دەڵێت.
لێدوانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پاش ئەوە دێت كە دوێنێش بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەختی كردەوە كە "لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و وەكوو بانكێكی حكومی" ئامادەیە تەوتنیی مووچەی مووچەخۆرانی هەریم بكات، نەك لە چوارچێوەی هەر پرۆژەیەكی تردا.