پەرەگراف
دادگای باڵاى فیدراڵیی عێراق سكاڵای تایبەت بە پلەبەرزركردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند جۆرى سکاڵاکە لە تایبەتمەندیی دادگای فیدراڵی نییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دادگاکە پێشتر چەند دانیشتنێکى لەسەر ئەو سکاڵایە ئەنجام داوە و بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەى بۆ ئەمڕۆ دواخستبوو.
دانیشتنى پێشووى دادگا لە ڕۆژى ٢٥-٢-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. ئەوکات دڵشاد میرانی، مامۆستای ناڕازی و یەكێك لە سكاڵاكارانی دۆسیەی ڕاگرتنی پلەبەرزركردنەوەی فەرمانبەران، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پارێزەرانى حکومەتى هەرێم هۆکارى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ کێشەکانى بودجە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى گەڕاندەوە، ئەوەی ئێمە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی ناو دادگا لێی تێگەیشتین، دادگای فیدراڵی دەرفەتێكی دایە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی تا 15-3-2024 پلەبەرزكردنەوە دەست پێ بكاتەوە".
پێچەوانەى پێشبینى و چاوەڕوانییەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، ئەمڕۆ دادگا بە پاساوى ئەوەى کە لە "تایبەتمەندیى دادگاى فیدراڵى نییە"، سکاڵاکەى ڕەت کردەوە.
بەپێی بەڵێنێك كە وەزیری پەروەردە و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییان داوە، حكومەتی هەرێم دوای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزركردنەوە دەست پێ دەكاتەوە.
نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێم كە پێكهاتوون لە (ئەژی بەرزان عارف، محەمەد حسێن كەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەمەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەمەد، ئاوات ئازاد محەمەد، دڵشاد محەمەد ئەمین، سامان عەلی ساڵح و ڕێبوار باهیر ئەحمەد)، لەسەر ڕاگرتنی پلەبەرزركردنەوە، سكاڵایان لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كردبوو.
لە سكاڵاكەدا داوا کرابوو هەردوو سكاڵالەسەركراو "بە تەواوی" پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.
لە 1-1-2016 پلەبەرزكردنەوە كە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە، ڕاگیراوە و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨ ساڵ، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران نییە کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسن، ئەوە لە کاتێکدایە پلە =بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوە و پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەش دەستی پێ کردووەتەوە.