دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لە سكاڵای ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دواخست

25-02-2024 12:22

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵی جارێكی دیكە دانیشتنی تایبەت بە سكاڵای ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بۆ 17-3-2024 دواخست. دڵشاد میرانی دەڵێت "لە دانیشتنی داهاتوودا دادگا بڕیار دەردەكات و دوامۆڵەت دراوە بە حكومەتی هەرێم كە بەر لەو وادەیە پلەبەرزكردنەوە دەست پێ‌ بكاتەوە".

دڵشاد میرانی، مامۆستای ناڕازی و یەكێك لە سكاڵاكارانی دۆسیەی ڕاگرتنی پلەبەرزركردنەوەی فەرمانبەران، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پارێزەرانى حکومەتى هەرێم هۆکارى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ کێشەکانى بودجە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى گەڕاندەوە، ئەوەی ئێمە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی ناو دادگا لێی تێگەیشتین، دادگای فیدراڵی دەرفەتێكی دایە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی تا 15-3-2024 پلەبەرزكردنەوە دەست پێ‌ بكاتەوە".

بەپێی بەڵێنێك كە وەزیری پەروەردە و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییان داوە، حكومەتی هەرێم دوای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزركردنەوە دەست پێ‌ دەكاتەوە، بەڵام هێشتا هەموارى یاساى بودجە ڕەوانەى پەرلەمان نەکراوە و دیار نییە کە دەتوانرێت بەر لە دانیشتنى داهاتووى دادگاى فیدراڵى یاساکە هەموار بکرێتەوە.

دڵشاد میرانی دەڵێت "دەبێت حكومەتی هەرێم بەر لە دانیشتنی داهاتووی دادگای فیدراڵی بڕیاری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە بدات، بە پێچەوانەوە دادگا بڕیار لە دژی دەردەكات، چونكە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە نایاساییە".

نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێم كە پێكهاتوون لە (ئەژی بەرزان عارف، محەمەد حسێن كەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەمەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەمەد، ئاوات ئازاد محەمەد، دڵشاد محەمەد ئەمین، سامان عەلی ساڵح و ڕێبوار باهیر ئەحمەد)، لەسەر ڕاگرتنی پلەبەرزركردنەوە، سكاڵایان لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كردووە.

لە سكاڵاكەدا داوا كراوە هەردوو سكاڵالەسەركراو "بە تەواوی" پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.

لە 1-1-2016 پلەبەرزكردنەوە كە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە ڕاگیراوەو دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨ ساڵ تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار  کەسن، ئەوە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەش دەستی پێکردووەتەوە.