پەرەگراف
چالاكوانێكی دیكەی بادینان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا. عەباس ئاڤاشین بە هەمان تۆمەت و ماددەی یاسایی سزا دراوە كە زۆرینەی چالاكوانانی دەڤەرەكەی پێ سزا دراوە. كەسوكارەكەی بۆ پەرەگراف دەدوێن و سزاكە بە "نادادپەروەرانە" وەسف دەكەن، پارێزەرەكەیشی دەڵێت "بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە سزا دراوە".
عەباس عەلی ناسراو بە عەباس ئاڤاشین، چالاكوانی دیاری ناحیەی شیلادزێ، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لەلایەن ئاسایشی شیلادزێوە دەستگیر كراوە. دوێنێ یەكشەممە 3-3-2024، لەلایەن دادگاوە سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
هەوار زوبێر، پارێزەری عەباس ئاڤاشین، بە پەرگرافـی ڕاگەیاند "دادگای دهۆك هۆكاری سزادانی بۆ ئەو گەڕاندەوە كە بەڵگەی تەواوی نامەی دەنگی و نووسین هەیە كە لە ڕێگای تەلگرامەوە پەیوەندیی بە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە كردووە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەو ماددەیەی كە عەباس پێی سزا دراوە، ماددەی 1ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003یە".
بەپێی قسەی پارێزەرەكەی عەباس ئاڤاشین، دادگا "بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدا بوو، دانپێدانی عەباس لە دادگا خوێندرایەوە كە بەڵێ پەیوەندیی بە پەكەكەوە كردووە و قسەی لەگەڵ كردوون".
ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 دەڵێت "ماددەی 156 لە یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو لەكار دەخرێت و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەمە جێگەی دەگرێتەوە: هەركەسێ بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت".
لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانی یاسایی و چالاكوانانەوە ڕەخنەی ئەوە لە ماددە یاساییەكە دەگیرێت كە "لاستیكی"یە و جۆری تاوان و سزاكەی بە وردی دیاری نەكردووە، ئەمەش وا دەكات كەڵكی خراپی بۆ سزادانی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان لێ وەربگیرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاكوانی دیكەی بادینان بە هەمان ماددە و تۆمەت سزا دراون، دیارترینیان سزادانی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان بوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن.
داخاز عەلی، برای عەباس ئاڤاشین، لەبارەی سزادانی براكەیەوە بە پەرەگرافـی وت "ناڕازین لەسەر بڕیارەكەی دادگا و نادادپەروەرانە بوو. دادگاییكردنەكە 10 خولەكی نەبرد، پارێزەرەكە هاتە دەرەوە و وتی: عەباس بە 6 مانگ زیندانیكردن سزا درا".
برای ئەو چالاكوانە دەشڵێت "لە هەموو دونیا وایە كە كەسوكاری تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە لە كاتی دادگاییكردن ئامادە بێت، بەڵام ڕێگەیان بە ئێمە نەدا ئامادە بین، تەنها ڕێگەیان بە پارێزەرەكە دا".
"هیچ بەڵگەیەك یاخود دانپێدانانێكی ئەومان نەدیت، ئەوەندە دەزانین لەسەر ڕەخنەگرتن دەستگیر كراوە، ڕەخنەكانیشی لەسەر كارەبا، دواكەوتنی مووچە و چەند بابەتێكی تر بووە بەبێ ئەوەی تەشهیر بە كەسێك بكات"، براكەی عەباس ئاڤاشین بۆ پەرەگراف وای وت.
عەباس ئاڤاشین، چالاكوانێكی شیلادزێیە و هاوكات بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانی خۆی، دووكانێكی فرۆشتن و دانانی سەتەلایتی لە سەنتەری شیلادزێ هەیە.
دواین پۆستی عەباس ئاڤاشین لەسەر دۆخی خراپی كارەبا بووە كە بەر لە دەستگیركردنی بە چەند ڕۆژێك نووسیویەتی و دەڵێت "لە شەو و ڕۆژێكدا 9 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە".
پارێزەری ئەو چالاكوانە دەڵێت "ئەو ماوەیەی عەباس ڕاگیراوە، هەمووی بۆ حیساب دەكرێت و دوای تەواوكردنی حوكمەكەی، ئازاد دەكرێت". بەوپێیەش ئەو چالاكوانە زیاتر لە نیوەی سزاكەی تەواو كردووە و لە 20-5-2024 ئازاد دەكرێت.