پێنج ڕۆژە چالاكوانێكی شیلادزێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر و بێسەروشوێن كراوە
پەرەگراف
چالاكوانێكی شیلادزێ ماوەی پێنج ڕۆژە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكەوە "دەستگیر كراوە و بێسەروشوێنە" و نازانرێت چ تۆمەتێكی دراوەتە پاڵ. كەسوكارەكەی لە "ترسی سەختكردن"ـی بارودۆخی كوڕەكەیان، لێدوان نادەن و دەزگا ئەمنییەكانیش هیچ زانیاری و ڕوونكردنەوەیەك بڵاو ناكەنەوە. بەپێی تۆمارێكی دەنگی ئەو چالاكوانە ماوەیەك لەمەوبەر "لەسەر پۆستێكی فەیسبووك" دەیان پەیوەندیی تەلەفۆنی بە خێزانەكەیەوە كراوە و هەڕەشەی دەستگیركردنی لێ كراوە.
عەباس عەلی ناسراو بە (عەباس ئاڤاشین)، چالاكوانی لاوی خەڵكی شیلادزێ، لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی ڕابردوو لەناو دووكانەكەی خۆی لە شیلادزێ لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كراوە. ئەو چالاكوانەی شیلادزێ بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانی خۆی، دووكانێكی فرۆشتن و دانانی سەتەلایتی لە سەنتەری شارۆچكەی شیلادزێ هەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "تا ئەم ساتە دیار نییە عەباس ئاڤاشین لەسەر چ بابەتێك دەستگیر كراوە، هەروەها دیاریش نییە لە چ شوێنێك ڕاگیراوە".
عەباس ئاڤاشین لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕەخنەی لە حكومەت گرتووە و لەسەر داگیركاری و بۆردوومانەكانی سوپای توركیاش لە سنوورەكە بابەتی نووسیوە و ڤیدیۆی بڵاو كردووەتەوە.
خێزانی ئەو چالاكوانە دەستگیركراوە، نایەنەوێت بە هیچ شێوەیەك قسە لەسەر دەستگیركردنەكەی بكەن، لەپێناو ئەوەی بارودۆخی كوڕەكەیان "زیاتر قورس نەبێت و ئازادی بكەن".
پەرەگراف هەوڵی دا زانیاری دەربارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو چالاكوانە و دۆسیەكەی لە دەزگا ئەمنی و ئیدارییەكان وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
عەباس ئاڤاشین لە تۆمارێكی دەنگیدا كە بۆ دوو ھەفتە بەر لە دستگیركردنی دەگەڕێتەوە و پەرەگراف پشتڕاستی كردووەتەوە كە دەنگی ئەوە، دەڵێت "زیاتر لە 100 تەلەفۆن بۆ ئێمە هاتووە، داوایان لە باوكم كردووە كە من لەگەڵ خۆی بباتە لیژنە".
هەروەها بەپێی نامەیەكی تێلەگرامی عەباس ئاڤاشین كە لەلایەن چالاكوانانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، ئەو پەویەندییە تەلەفۆنییانەی كە بە باوكیەوە كراوە، لەسەر پۆستێكی فەیسبووك بووە، ئەویش لەبەر خاتری دایك و باوكی پۆستەكەی سڕیوەتەوە، بەڵام دواتریش پەیوەندییان بە باوكیەوە كردووە و وتوویانە "دەبێت كوڕەكەت بهێنیتە لای لیژنە، ئەگەر نەیەت، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەكرێت".
ئەو چالاكوانە جەخت دەكاتەوە كە "دەمەوێت هەموو خەڵك بزانن، دواتر ئەگەر منیان لە شوێنێك دەستگیر كرد، هیچ تاوان و شتێكم نەكردووە، تەنیا ئەو پۆستەیە و هیچی تر".
دوای دوو هەفتە لەو هەڕەشانە، عەباس ئاڤاشین شەوی 20 لەسەر 21ی ئەم مانگە لەناو دووكانەكەی خۆی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كرا و چارەنووسی نادیارە.
سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف دەڵێت "عەباس كەسێكی زۆر لەسەرخۆ و بێ كێشەیە، تەنها لە فەیسبووك جار جار پۆستی ڕەخنەیی بڵاو دەكاتەوە، بە نموونە لەسەر خراپیی دۆخی كارەبا و چەند بابەتێكی تری پەیوەست بە خزمەتگوزاریی گشتی، كە ئەمەش مافێكی ڕەوای گشتییە".
دوایین پۆستی عەباس ئاڤاشین لەسەر دۆخی خراپی كارەبا بووە و نووسیویەتی "لە شەو ڕۆژێكدا 9 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە". بە توانجیشەوە دەڵێت "لەبیر نەكەن، سەیدا مزگێنیی خۆشی هەیە".
عەباس ئاڤاشین لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك زانیاریی لەسەر بۆردوومانەكانی توركیا و زیان و مەترسییەكانی بڵاو كردووەتەوە، لە ڕۆژی 11-11-2023ـیش ڤیدیۆی جووڵەی سەربازانی سوپای توركیای لەسەر چیای باڵندای دەڤەری بارزان بڵاو كردووەتەوە و لەسەر نووسیویەتی "كوا نیشتمان، كوا دایكی ئێمە، كوا ئازادی".
بەپێی هەندێك لە پۆستەكانی لە فەیسبووك، وا دەردەكەوێت هاوسۆزیی بۆ پەكەكە هەبێت، لە ماوەی ڕابردوویش چەندین كەس بە تۆمەتی لایەنگری و نزیكایەتی لە پەكەكە لە بادینان دەستگیر كراون و فشاریان خراوەتە سەر، لەكاتێكدا پەكەكە بەپێی یاسا قەدەغە لە ھەرێم نییە.