ئەلمۆنیتۆر: ئیدارەی بایدن گرنگییەكی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدات، دەبێت بەغداد و تاران ئەمە لەبەرچاو بگرن

02-03-2024 08:49

پەرەگراف

"پلانی ئێران ئەوەیە سیستمی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لاواز بكات كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا هاتووە، دادگای فیدراڵی یەكێكە لە كاریگەرترین ئامرازەكانی ئێران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە"، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی وا دەڵێت.

ماڵپەڕەكە ڕاپۆرتێكی لەژێر ناوی "ئیداری بایدن پشتگیریی هەرێمی كوردستانێکی خۆڕاگر دەكات" بڵاو كردووەتەوە، ئەم دێڕە قسەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو لە كاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە واشنتن.

ماڵپەڕەكە لەبارەی پلانەكەی ئێرانەوە، ئاماژەی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم كردووە و دەڵێت "دادگاكە هەندێك بڕیاری دەركردووە، لەوانە دەرهێنانی كەروتی وزە لەژێر كۆنترۆڵی هەرێم، هەروەها دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەێمی لە ڕووی وزە و داهاتەكەی و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانەوە هەڵوەشاندووەتەوە".

ئەلمۆنیتۆر تیشكی خستووەتە سەر شەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ ئەمریكا و ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئیدارەی بایدن لە پایزی ڕابردووەوە كاری لەسەر دەكات"، بەڵام "لە مانگی یەكی ئەمساڵدا كارەكانی ڕێكخستنی سەردانەكە خێرا كراون". بە تایبەت سەردانەكەی مەسروور بارزانی پێش سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن خراوە كە بڕیارە لە نیسانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

ئەلمۆنیتۆر ئەمەی بە "لادان لە پرۆتۆكۆڵ" ناو بردووە و هۆكاری پێشخستنی سەردانەكەی بۆ هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر گەڕاندووەتەوە.

سەبارەت بە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە "مەسروور بارزانی هۆشداریی داوە بە ئیدارەی بایدن دەربارەی هەڕەشەكانی ئێران و لەدوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لە هێرشەكە، لە داڤۆس لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا كۆبووەتەوە".

"سەردانەكە پەرە دەدات بە هاوكاریی هەولێر و واشنتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران"، لە ڕاپۆرتەكەی ئەلمۆنیتۆردا هاتووە.

لە كۆتاییشدا دەڵێت "ئیدارەی بایدن لە ئێستادا گرنگییەکی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدات لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریكا لە عێراقدا، دەبێت بەغداد و تاران ئەمە لەبەرچاو بگرن".

پاش بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى مووچە و هەڵبژاردنەوە، مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم هیچ وەڵامێکى فەرمى و ڕاستەوخۆى بۆ بڕیارەکان نەبووە و ماوەى یەک هەفتەیشە بە سەردانێکى پێشتر ڕانەگەیەندراو لە واشنتنە. مەسروور بارزانى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدادى بردووەتە واشنتن و دەیەوێت پاڵپشتیى ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى حکومەتى عێراق بەدەست بهێنێت کە خەریکە بە تەواوى حکومەتى هەرێم لاواز و بێ دەسەڵات دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا ئەنجام داوە.