مەسروور بارزانی شەڕی بەغداد دەباتە واشنتن؛ نایەوێت مووچەی لەدەست دەربهێنن

01-03-2024 09:13
كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ ئامۆس هۆكستین، برێت مەكگۆرك و جەیك سولیڤان

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و سیناتۆر و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە بەردەوامە و تا ئەمڕۆ كە شەش ڕۆژە لە واشنتنە، 20 كۆبوونەوە و چالاکیی ئەنجام داوە. مەسروور بارزانی كێشەكانی هەرێم و بەغدادی بردووەتە واشنتن، هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریكا دەدات بۆ دەربازبوون لەو هەنگاوانەی حكومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی كە خەریكە بە تەواوی حكومەتی هەرێم لاواز و بێ‌ دەسەڵات دەكەن.

دوای دوو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە "هەڵبژاردن و مووچە"، پێچەوانەی هەموو بڕیار و هەنگاوەكانی پێشووی بەغداد، مەسروور بارزانی ئەم جارە هیچ كاردانەوەیەكی فەرمیی بە ناوی حكومەتی هەرێمەوە نیشان نەداوە و بڕیاری لەبارەی ناردنی شاندی حكومەتیش بۆ بەغداد نەداوە، بەڵكو دۆسیەكانی بردووەتە واشنتن و دەیەوێت بە پاڵپشتیی ئەمریكا حكومەتەكەی لە هەژموونی مەترسیداری حكومەتی فیدراڵی ڕزگار بكات.

یەكێك لەو بابەتانەی مەسروور بارزانیی زۆر نیگەران كردووە، ئەوەیە كە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، چیتر مووچە لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نامێنێت و وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ هاوشێوەی وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاكانی هەرێم دەكات و لە ڕێگەی بانكەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.

مەسروور بارزانی پێشتر بە ڕادەستكردنی نەوت و چەندین هەنگاوی دیكەی بەغداد ڕازی بووە، بەڵام چەند جارێك ڕەتی كردووەتەوە كە بە دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە ڕازی ببێت، ئەم جارەش لە یەكێك لە چالاكییەكانی لە واشنتن كە مێزگردێك بوو، جەختی كردووەتەوە كە "دابینكردنی شایستە داراییەكان و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەكانی حكومەتی هەرێم"ـەوە بێت.

"دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێم، پاراستنی مافی پێكهاتەكان، بەشەبودجەی هەرێم، جێبەجێكردنی دەستوور و پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق، یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێككەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاكان لە دەڤەرەكە، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور"، بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەم بابەتانە تەوەری كۆبوونەوەكانی مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرپرسان و دامەزراوەكانی ئەمریكا بووە.

دوایین چوار كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی كە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئەنجامی داون، لەگەڵ ئامۆس هۆكستین، گەورە‌ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە و وەبەرهێنان و برێت مەكگۆرك، هەماهەنگكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا‌ و جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و براین نیڵسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری پەیوەندیدار بە تیرۆر و هەواڵگریی دارایی بووە.

سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە‌ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە و وەبەرهێنان، مەسروور بارزانی دەڵێت "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كرد، بەتایبەتی لە بواری وزە و وەبەرهێناندا".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "هاوڕابووین لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا". هەروەها وەكوو خۆی دەڵێت، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا "جەخت"یان لە "گرنگیی پێشخستنیی كەرتی نەوت و وزەی هەرێمی كوردستان" كردووەتەوە.

دەربارەی كۆبوونەوە لەگەڵ برێت مەكگوركیش، مەسروور بارزانی دەڵێت "بیروڕامان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە و برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ كرد. هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێم و پاراستنی مافی پێكهاتەكان".

لە كۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكایش، وەكوو مەسروور بارزانی دەڵێت "جەیك سولیڤان جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی بەشەبودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم كردەوە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتی كردووەتەوە كە "پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بگیرێت و مافی پێكهاتەكان پارێزراو بێت"، دەشڵێت "ئاماژەمان بە گرنگیی جێبەجێكردنی دەستوور و پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق كرد".

هەروەها لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی داراییش، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت "بیروڕامان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بوارەکانی سیستەمی دارایی و کەرتی بانک و پرۆژەی (هەژماری من) و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاییە گشتییەکان ئاڵوگۆڕ کرد".

لە ڕۆژی 25-2-2024ـەوە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە سەرۆكایەتیی شاندێك لە واشنتنە. هەریەك لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەندامی شاندەكەن.

مەسروور بارزانی یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنجام دا و لەسەر شەش تەوەری سەرەكیی پەیوەست بە پەیوەندی و كێشەكانی نێوان ‏هەرێم و بەغداد گفتوگۆیان كرد.

لەبارەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بلینكن، مەسرروو ‏بارزانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "پاراستنی ئاسایشی ‏هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و داببینكردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەكانی ‏خەڵكی كورستان، ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێم، پاراستنی مافی پیكهاتەكانی ‏كوردستان، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال ‏و دەرچوونی میلیشیاكان لە دەڤەرەكە، تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەمان بوون".‏

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە بلینكن "پشتیوانیی ئەمریكای بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ‏سەقامگیریی هەرێمی كوردستان وەكوو قەوارەیەكی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا" دەربڕیوە. دەشڵێت ‏‏"هاوڕابووین لەسەر ئەوەی كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەكانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە ‏عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما ‏دیموكراتییەكان لە عێراق بگیرێت".‏

هەروەها ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، لەبارەی ‏كۆبوونەوەكە و هەڵوێستی ئەمریكاوە جەخت لە "هاوبەشیی ئەمریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق و ‏هاندانی بەردەوامی هەرێم بۆ هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق" كردووەتەوە.‏

بلینكن وتی "ئەمریكا وەكوو بەردی بناغەی پەیوەندیی ٣٦٠ پلەی لەگەڵ عێراقدا، بە پشتیوانێكی هەرێمی ‏كوردستانی عێراقی خۆڕاگر دەمێنێتەوە".‏

مەسروور بارزانی و بلینكن بەر لە كۆبوونەوەكەیان چییان وت؟

بەر لە كۆبوونەوەكەیان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ‏ئەمریكا قسەیان كرد. بلینك خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە پێشوازیكردن لە مەسروور بارزانی لە وەزارەتی ‏دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتن و وتی "ئەمریكا هاوبەشییەكی دوورودرێژی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏هەیە و پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی هاوبەش لە قوربانیدان ‏بونیاد نراوە".‏

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە "پشتیوانی"ـی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێم "لە چوارچێوەی ‏پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق" كردەوە و پەیوەندییەكەشی بە "گرنگ" وەسف كرد.‏

‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و ژینگەیەكی تەندروست ‏بووە بۆ كەرتی تایبەت و لەناویشیاندا وەبەرهێنانی ئەمریكی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە"، بلینك وای وت.‏

ئەنتۆنی بلینك باسی لە "قۆناغی سەخت"ـی ئێستای ناوچەكە كرد و جەختی كردەوە كە "گرنگە پێكەوە ‏بتوانین ئەم سەختییانەش تێپەڕێنین".‏

‏"لە كۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێم: بۆ ئێمە و پێموایە بۆ سەركەوتنی دۆست و هاویەیمانەكانیشمان، ‏یەكگرتوویی كورد گرنگە، چونكە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە و هەمووان پێكەوە كار دەكەن"، وەزیری ‏دەرەوەی ئەمریكا وای وت.‏

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوپاسی بانگهێشتكردنی بۆ واشنتۆن كرد و ‏خۆشحاڵیی دەربڕی جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە واشنتن. وتیشی "بەدڵنیاییەوە ئێمە هاوبەشی یەكترین و ‏بەشانازییەوە ئێمە دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی ئەمریكاین".‏

مەسروور بارزانی وتیشی "پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندووە. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین و ‏پێزانینیمان دەردەبڕین بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ خەڵكی كوردستان".‏

‏"ئاڵنگاریی نوێ لە ناوچەكەدا هەن و چاوم لەوەیە لە گفتوگۆكانماندا باسی پێشهاتەكانی ناوچەكە و عێراق و ‏بەتایبەتیش باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانمان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا بكەین"، سەرۆكی ‏حكومەتی هەرێم وای وت.‏