سەرۆكی هەرێم و وەزیری بەرگریی توركیا كۆبوونەوە، 'جەخت لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كرایەوە'
پەرەگراف
سەرۆكی هەرێم و وەزیری بەرگریی توركیا كۆبوونەوە و سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "داكۆكی لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و جەخت لە هاریكاریی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كرایەوە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێم پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا و مەتین گوراك، سوپاسالاری توركیا كرد.
سەرۆكایەتیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێكەوتەكانی، تاوتوێ كران و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ كرا".
"هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاریی هاوبەشی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و هەوڵدانی هەمەلایەنە بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانی"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.
"داكۆكیكردنەوە لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش" تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە و تاوتوێی "دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش" كراوە.
وەزیری بەرگریی توركیا و سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا بەیانیی دوێنێ سێشەممە 6-2-2024، بە سەردانێك گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆماری عێراق كۆبوونەوە.
لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا نیگەرانییەكانی خۆی دەربارەی "ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان" بە وەزیری بەرگریی توركیا گەیاند.
وەزیری بەرگریی توركیایش لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە "بەلای توركیاشەوە گرنگە كە چارەسەرێك بۆ پرسی ڕاگرتنی گەشتەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و شارەكانی توركیا دابنرێت"، ئەمە بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق.