پەرەگراف
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا، سەرۆككۆماری عێراق ڕایگەیاند "بەردەوامیی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و شارەكانی توركیا، زیان بە هاوكارییە هاوبەشەكان دەگەیەنێت و لەمپەر بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان هەردوو گەل دروست دەكات".
وەزیری بەرگریی توركیایش لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە "بەلای توركیاشەوە گرنگە كە چارەسەرێك بۆ پرسی ڕاگرتنی گەشتەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و شارەكانی توركیا دابنرێت"، ئەمە بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-2-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا، بە یاوەریی مەتین گوراك، سەرۆكی ئەركانی سوپای وڵاتەكەی بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتی كردووەتەوە كە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەنەوە. هەروەها هەردوولا جەختیان كردووەتەوە لەسەر بەهێزكردنی هەماهەنگیی ئەمنی و دروستكردنی سەقامگیریی زیاتر لەنێوان عێراق و توركیادا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆككۆماری عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "سەرۆككۆمار جەختی لەوە كردووەتەوە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن نەوەك بە پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانیان".
لەتیف ڕەشید جەختیشی كردووەتەوە كە "پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت و پێشێلكارییە سەربازییەكان بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان ڕابگیرێن، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن".
بڕیارە پاش سەردانەكەی بۆ بەغداد، وەزیری بەرگریی توركیا سەردانی هەلێرش بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆببێتەوە.