كۆمیسیۆن: ناتوانین لە ٢٥ـی شوبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدەین

03-01-2024 06:55

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردەوە، ناتوانێت لە وادەی دیاركراو كە ٢٥-٢-٢٠٢٤ـە، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات و داوا دەکات پێکەوە "بە هەماهەنگى" وادەیەکى دیکەى گونجاو دیارى بکەین.

کۆمیسیۆن لە نووسراوەکەیدا ئاماژەى بەوە کردووە، دەبوایە لە ١-٨-٢٠٢٣ دەست بە خشتەی جێبەجێكردنی كارەكان بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لە ٢٨-١٢-٢٠٢٣ نووسراوی خەرجکردنى پارە بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکەى ئاراستە کردوون، هەر بۆیە نەیانتوانیوە ڕێکارەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە بگرنە بەر، بە تایبەت ئەنجامدانى گرێبەست و ئامادەكردنى ئامێرەکانى هەڵبژاردن.

هەرچەندە کۆمیسیۆن هۆکارى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنەکە لە وادەى دیاریکراودا، بۆ درەنگ خەرجکردنى پارە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام نووسراوەکەى كۆمیسیۆن پاش ئەوەیش دێت كە سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی، تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە. دانیشتنى داهاتووى دادگا لەوباریەوە ٢١ـى ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت.

چاوەڕوان دەکرێت دادگاى فیدراڵى لەم دانیشتنەدا بڕیارى کۆتایى لەبارەى سکاڵاکەوە بدات، کە لەسەر پێنج ماددەى یاساکە تۆمار کراوە و دیارترینیان کێشەى کورسیى پێکهاتەکانە کە لە ڕابردوویشدا سەرەکیترین هۆکارى دواخستنى هەڵبژاردنەکان بووە.

تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تا ١-٧-٢٠٢٤ درێژ كراوەتەوە و دەبێت ‏بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات. بەو پێیەى کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن پێویستى بە شەش مانگە، چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە مانگى شەش.‏

ئەمە سێیەم جارە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دوادەخرێت. نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردووتر ١-١٠-٢٠٢٢ـى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیارى کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پرۆسەکە بەڕێوە نەچوو و تەمەنى یاسایى پەرلەمانیش کۆتایى هات.

دواتر پەرلەمانى کوردستان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، سەرۆکى هەرێمیش ڕۆژى ١٨-١١-٢٠٢٣ـى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیارى کرد. دواتر پەرلەمان لە دانیشتنێکدا کە تێیدا ناکۆکیى گەورە لە نێوان پارتى و یەکێتى ڕووى دا، کۆمیسیۆنى کارا کردەوە، هەرچەندە ئەو دانیشتنە لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانەوە دواخرا، بەڵام جێگرەکەى درێژەى پێ دا.

سەرئەنجامیش دادگاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى لەسەر درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان یەکلا کردەوە و درێژکردنەوەکەى بە نادەستوورى و نایاسایى لەقەڵەم دا، هەموو بڕیار و یاسا پەسەندکراوەکانى ئەو ماوەیەشى هەڵوەشاندەوە.

دواجار بڕیار درا کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکى هەرێمى کوردستان وادەیەکى نوێى بۆ هەڵبژاردن دیارى کرد کە ٢٥-٢-٢٠٢٤ـە.

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ڕۆژى ١٢-١٢-٢٠٢٣ زیاتر لە ٦٩ ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەرخان کرد، بەڵام کۆمیسیۆن دەڵێت، دەبوو شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن ئەو بڕیارە دەربکرایە، ئەمە جگە لە یەکلانەبوونەوەى سکاڵاکەى یەکێتى کە چاوەڕوان دەکرێت ٢١ـى ئەم مانگە دوا دانیشتنى بێت.

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.

دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە ١١ كورسیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای ‏دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی ‏كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.‏

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن.‏

پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو پرسەی بردە ‏دادگای فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و پێی وایە چەند ماددەیەكی ‏‏"پێچەوانەی دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش كورسیی پێكهاتەكانە.‏

لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی ‏پێكهاتەكان.‏

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان ‏بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ‏ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ ‏سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.‏

‏١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ ‏كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان ‏و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ ‏دیاریكراوە كە ١ كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، ١ كورسی بۆ توركمان و ١ كورسی بۆ ‏ئەرمەنەكان.‏

ڕۆژی ٥-١١-٢٠٢٣ كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوە چوو، زیاد ‏جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە ‏مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری ‏یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و ‏یاسا".‏

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (١، ٩، ١٥، ٢٢ و ٣٦)ـى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ـى ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە ‏هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و ‏یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎‏.‏

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ ‏دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ‏پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، ‏نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".‏

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی ‏توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای ‏فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.‏

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ‏ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی ‏پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر ١٠٠ هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە ‏پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".‏

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری ‏دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ‏ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ‏ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ‌ هاتووە".‏

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی ‏كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو ‏شێوەیە بووە.‏

ڕۆژی ٢٤-١٠-٢٠٢٣، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی ‏مەدەنیی توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری ‏نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ ‏پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" ‏بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا ‏‏دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "‏ڕێژەیەكی ‏زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی ‏هەڵەیە ‏بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، ‏كورسیی كۆتای ‏توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ ‏بكرێت".‏

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏‏پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە ‏‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای ‏‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و ‏‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏