پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا زیاتر لە 69 ملیار دیناری تەرخانكرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 25ی شوباتی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 43 ملیارو 769 ملیۆن و 149 هەزار دینار لە چوارچێوەی بودجەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تەرخانكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەگوازرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەروەها لە چوارچێوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بڕی 25 ملیار و 460 ملیۆن و 851 هەزار دینار تەرخان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بەوپێیەش كۆی ئەو پارەیەی كە عێراق تەرخانیكردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتە 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.
هەرچەندە 25ی شوباتی داهاتوو دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەو کۆمسیۆنی عێراق ئامادەیی پیشانداوە لەو ماوەیەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا ئەنجامدانی لەو وادەیەدا مسۆگەر نییەو سکاڵایەکی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن لە دادگای فیدراڵییەو 27ی ئەم مانگە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە دروست دەکات.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.