پەرەگراف
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وادەی دەسپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد ئاشكرا دەكات و دەڵێت "پشوودرێژیی ساڵی ۲٠۲۳مان نابێت و ئەم كۆبوونەوانە وەكوو كۆبوونەوەی ئەنجام سەیر دەكەین".
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم دەست پێ دەكەنەوە".
وەكوو پێشەوا هەورامانی دەڵێت، حكومەتی هەرێم ئەم خولەی كۆبوونەوەكان لە ساڵی نوێدا، وەكوو "كۆبوونەوەی ئەنجام" سەیر دەكات.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "لە ساڵی تازەدا، هەمان پشوودرێژیی ساڵی ۲٠۲۳مان نابێت، چونكە ئەوەی پێویست بوو لەسەرشانمان، لە ۲٠۲۳دا كردوومانە، چاوەڕێی ئەنجام دەكەین لە چارەسەری كێشەكاندا".
دوایین شاندى حکومەتى هەرێم ڕۆژى ١٠-١٢-٢٠٢٣ سەردانى بەغدادى کرد و ڕۆژى دواتر لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، کۆبووەوە. پرسی "هەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستان و دۆسیە ئەمنی و داراییەكان"یان تاوتوێ کرد. جەختیان لەسەر "هەماهەنگیی زیاتر بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان" کردەوە.