پەرەگراف
شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە. پرسی "هەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستان و دۆسیە ئەمنی و داراییەكان" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە. جەخت كراوەتەوە لەسەر "هەماهەنگیی زیاتر بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان".
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت "ئێوارەی دووشەممە 11-12-2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كرد، بە ئامادەیی بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی عێراق".
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سوودانی، لە كۆبوونەوەكەدا باسی "بارودۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و دۆسیە ئەمنی و دارایی و ئابوورییەكان و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتدا" كراوە.
هەروەها جەخت كراوەتەوە لەسەر "گرنگیی زیادكردنی هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ناوەند بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەت كێشەی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەكان و یەكخستنی سیاسەتی گومرگی و یاسای پاراستنی وەبەرهێن".
شاندەكەی حكومەتی هەرێم كە ئێوارەی یەكشەممە گەیشتە بەغداد، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد تەمیمی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان و ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق، كۆ بووەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر پرسی سیاسەتی گومرگیی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەكان، چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی لەسەر ئەو پرسانە لە نێوان هەردوولادا هەن".
![]()