شۆڕش ئیسماعیل دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە

25-11-2023 08:43

پەرەگراف

 پاش زیاتر لە ساڵێک وازهێنانی لە ئەرکەکەی، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بەمزوانە دەگەڕێتەوە وەزارەته‌كه‌ی و وەکوو وەزیر درێژە بە کارەکانی دەدات".

سەرچاوەکە وتیشی "گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری ھاوپەیماناندایە بە ئامانجی درێژەدان بە پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەت".

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، لە دەوروبەری مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە وازی لە پۆستەكەی هێناوە و نەگەڕاوەتەوە وەزارەت، ئەوەش لە بەرانبەر دەستوەردانی پارتی و یەكێتی لە وەزارەتەكەیدا و لەمپەر دروستكردنیان بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە. سەرەڕای هۆشداریی هاوپەیمانانیش بە ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە، زیاتر لە ساڵێک پارتی و یەکێتی لەسەر جێگرەوەی وەزیری پێشمەرگە ڕێکنەکەوتن.

ڕۆژی ٢١-٩-٢٠٢٣ ناكۆكییەكانی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بە تەواوی ئاشكرا بوو، قوباد تاڵەبانی داوای كرد كاندیدە پێشنیاركراوەكەی پەسەند بكرێت، بەڵام مەسروور بارزانی پێی وابوو ئەو كەسە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكەی نییە و داوای کرد ڕێگریی لێ‌ نەكرێت لەوەی كاندیدەكەی خۆی دابنێت.

لە كۆبوونەوە لەگەڵ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، مەسروور بارزانی وتی "پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران نەكرێت لە دانانی وەزیرێك كە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەبێت".

ئەو قسەیەی مەسروور بارزانی پاش ئەوە هات كە ھەمان ڕۆژ لە كۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی دەستبەكاربوونی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت".

قوباد تاڵەبانی داوای كرد ڕێوشوێنەكانی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدەی بۆ وەزیری پێشمەرگە پێشنیازیان كردووە، بە خێرایی تەواو بكرێت، تا "جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەوێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی". وتیشی "بەبێ بوونی وەزیری پێشمەرگە، ناتوانرێت پرۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت".

ھاوکات مانگی ھەشتی ئەمساڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێم لە بڕینی هاوكارییەكان و وتی "لە كاتێكدا هەنگاو بەرەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە دەنێین، چاوەڕوانیمان لە حكومەتی هەرێم هەیە وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت، وەكوو نیازپاكی و پابەندییان بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە هەر چاكسازییەك پێویستی بە ڕابەرێكە".

ڕۆژی 20-8-2023، مات مەكفارلەین، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی دژی داعش لە عێراق و سووریا كە لە كۆتایی ئەركەكەیدا بوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتی "ئەگەر نەتوانێت پابەندییەكانی بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی یاداشتنامەكە جێبەجێ‌ بكات، دەبێتە هۆی ئەوەی كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا نەتوانێت بەردەوام بێت لە پێشكەشەكردنی پشتیوانییە سەربازی و ئەمنییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە".

ڕۆژی 22-5-2022، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم، هۆشداری دایە پارتی و یەكێتی و داوای هەڵگرتنی "هێڵی سوور"ی بەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كرد. وتیشی "هاوپەیمانان تێبینییان لەسەر كەلێنەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە".

لە ڕێوڕەسمی پێدانی بڕوانامەی دەرچوون بە ئەفسەرانی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، ئامادەی بوو، شۆڕش ئیسماعیل ڕایشیگەیاند "مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە هەڵكشانن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێوستمان بە هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو و سەربەخۆ هەیە. تا ئێستا كاتمان زۆر لەدەست داوە و چیتر كاتكوشتن لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نییە".