هۆشدارییەك لە هاوپەیمانانەوە بۆ حكومەتی هەرێم

20-08-2023 07:40

پەرەگراف

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هۆشداری دەداتە حكومەتی هەرێم بۆ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی پایەندییەكانی لە چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و بە پێچەوانەوە دەڵێت "وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ناتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانییەكانی بۆ پێشمەرگە".

مات مەكفارلەین، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی دژی داعش لە عێراق و سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە كاتێكدا هەنگاو بەرەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە دەنێین، چاوەڕوانیمان لە حكومەتی هەرێم هەیە وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت، وەكوو نیازپاكی و پابەندییان بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە هەر چاكسازییەك پێویستی بە ڕابەرێكە".

مەكفارلەین لە كۆتایی ئەركەكەیدا هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتی "ئەگەر نەتوانێت پابەندییەكانی بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی یاداشتنامەكە جێبەجێ‌ بكات، دەبێتە هۆی ئەوەی كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا نەتوانێت بەردەوام بێت لە پێشكەشەكردنی پشتیوانییە سەربازی و ئەمنییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە".

"حكومەتی ئەمریكا وەكوو هاوبەشێكی دوورمەودای عێراق، ئامانجی سەربازی و ئەمنیی هاوبەشی لێرە هەیە، پێویستە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستوبردیان لێ‌ بكرێت، تاوەكوو ئەو ئامانجانە بەدی بێن كە لە یاداشتنامەی هاوبەشدا دیاری كراون"، فەرماندەكەی هاوپەیمانان وا دەڵێت.

مات مەكفارلەین جەختی كردەوە كە "یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە پابەندییەكی دوولایەنەیە، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، پێویستە هەردوولا پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن".