پەرەگراف - سلێمانى
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند "ڕۆژی یەكشەممە لە دادگای فیدراڵی ئامادە دەبین بۆ بەرگریكردن لە مووچە و گوزەرانمان، ڕاستەوخۆ ڕۆژی دووشەمەیش لە شەقام دەبین بۆ لووتشكاندنی دەسەڵاتداران".
ئەوان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی جەختیان كردەوە كە "ڕۆژی دووشەممە وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە كە نابەرپرسانە داوای دەوامكردنی بێ مووچە لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەن و دەسەڵات ژیان و گوزەرانی خۆیانی دابین كردووە".
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش ڕایگەیاند "ڕۆژی یەكشەممە بۆ پشتیوانی لە داواكارییەكانمان دەچینە بەغدا و دەمانەوێت شەقامی عێراق بورووژێنین". وتیشی "جێگەی شەرمە پێنج مانگە مامۆستایانی وانەبێژ تەنیا 400 هەزار دیناریان لە حكومەت وەرگرتووە، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەكان واژوویان لەسەر ئەوە كردووە كە مامۆستایان بە گیرفانی بەتاڵەوە بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن".
پەیامی ئەمشەوی مامۆستایان، وەڵامێك بوو بۆ ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كە لە نووسراوێكدا بە واژووی 12 بەڕێوەبەری پەروەردەی سنوورەكە، داوای شكاندنی بایكۆتی لەلایەن مامۆستایانەوە كرد لە ڕۆژی دووشەممە 27-11-2023 و دەڵێت "سەرباری سەختیی گوزەرانتان، ڕۆژی دووشەممە ڕوو بكەنەوە ناوەندەكانی خوێندن".