دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەشداریی خۆپیشاندانی سبەینێ‌ ناكات

28-10-2023 02:53
دەستەى داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کاتى سەردانەکەیان بۆ بەغدا

پەرەگراف

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەشداریی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ ناكات و بە "دەستی حیزب"ـی دەزانێت بۆ شكاندنی بایكۆت. پێیشى وایە پلانێكی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ و وەزیری پەروەردەش بۆ شكاندنی بایكۆت هەیە، ئەمە بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەكى ئاگادار بۆ پەرەگراف.

سەرچاوەیەكى ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوێنێ‌ كۆبوونەوەیەكى مامۆستایان و وانەبێژان لە سلێمانى كراوە و تێیدا بڕیارى ئەنجامدانى خۆپیشاندان دراوە، هیچ ئەندامێكی دەستەى داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەو کۆبوونەوە و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بەشدار نەبووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "دەستەى داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەشداری لەو خۆپیشاندانە ناكات، پێى وایە دەستی چەند حیزبێكی لەپشتە و دەستێك هەیە دەیەوێت سوار شەپۆلی ناڕەزایی مامۆستایان بێت".

ئەو سەرچاوە بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد كە "بەپێى هەندێک زانیاری، بڕیارە سبەینێ‌ هاوكاتی خۆپیشاندانەكان، وەزیری پەروەردە بێتە سلێمانی و یەكدوو قوتابخانە بكاتەوە، نوێنەرانی ئەو خۆپیشاندانەش هەندێك داواكاریی پێشكەش بكەن"، ئەوەشى بە "پلانێك بۆ شكاندنی بایكۆت" ناو برد.

شەوی ڕابردوو ژمارەیەك لە مامۆستایانی هەمیشەیی و مامۆستایانی وانەبێژ لەژێر ناوی "ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی"، پاش كۆبوونەوەیەك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند كە "ڕۆژی یەكشەممە 29-10-2023 لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین".

كارازن فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بە پەرەگرفی وت "نوێنەری ئێمە بەشداریی لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ‌ كردووە و بەشداریی خۆپیشاندانەكانی سبەینێ‌ دەكەین".

كارزان فیزیك جەختی كردەوە "بەبێ‌ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی كە خستوومانەتە ڕوو، بایكۆت ناشكێنین و بەردەوام دەبین".

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوای دابەشكردنی دوو مووچە پێكەوە ناكات و داواكارییەكانی بریتییە لە "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچە 30 ڕۆژ جارێك و ڕێككردنەوەی مووچە بە یەكجاری، هەروەها دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان".

پێشتر لە شەوى ٢٤-١٠-٢٠٢٣، دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەرەڕاى جەختکردنەوە لە "بەردەوامیى بایکۆت"، ڕایگەیاند "لە ئێستادا پلانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانمان نییە، جگە لە پاڵپشتیی ‏گردبوونەوەكانی وانەبێژان" ‏

وتیشیان "لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكەین، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ‏ساختە و كەسانی گومانلێكراو، ‏سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بن".