پەرەگراف
بەپێی ڕوونكردنەوەی هەردوو لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری مترۆ، كەیسی دوو ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكەی سلێمانی پەیوەندیی بە كاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە. كەیسی جەمال عەبدوڵڵا پەیوەندیی بە "شەڕ" و كەیسی عیماد بیلال پەیوەندیی بە "تەشهیر"ـەوە هەیە.
پێشتریش نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گوایە جەمال عەبدوڵڵا لەسەر كۆمەڵێك سكاڵا لەناویاندا سكاڵای وەزیری دارایی دەستگیر کراوە، عیماد بیلالیش لەسەر پرسی غەززە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێكی ڕوون میدیا کۆمێنت و نامە کەوتووەته نێوانیان".
بەپێی بەدواداچوونێکی پەرەگراف، سەرەتای کێشەی نێوان ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە "کۆمێنتێک"ـەوە دەستی پێ کردووە، دواتر درێژەی کێشاوە بۆ نامەگۆڕینەوە. ڕۆژنامەنووسەکەی ڕوون میدیا بە تۆمەتی ئەوەی "جنێوی پێ دراوە و هەڕەشەی لێ کراوه، بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سکاڵای تۆمار کردووە".
كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "لە سەرەتای سەرھەڵدانی كێشەی نێوان عیماد بیلال و ھیوا عوسمانی سەرنووسەری ڕوون میدیا، ئێمە پێمان ڕاگەیاندن كە كێشەكەیان تایبەتە و دوور و نزیك پەیوەندیی بە میدیا و كاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە".
دەربارەی کەیسی ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕاگرتنی جەمال عەبدوڵڵا پەیوەندیی بە كەیسی شەڕێكەوە هەیە كە پێش شازدە ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە. شكاتكار سكاڵایەكی لەسەر تۆمار كردووە، گوایە جەمال عەبدوڵڵا بە دەمانچە هێرشی بۆ بردووە".
بەڵام حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە پەرەگرافی وت "گوایە ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدووڵڵا لەسەر کۆمەڵێک سکاڵا دەستگیر کراوە کە وردەکاریی هەموویان جارێ دیار نییە، بەڵام لەناویاندا سکاڵای ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەیە".
دەزگای میدیایی (باس) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "عیماد بیلال، پەیامنێری دەزگای میدیایی (باس)ـە لە شاری سلێمانی، جەمال عەبدوڵڵایش لە ماڵپەڕی (باسنیوز) گۆشەیەكی وتارنووسینی هەیە".
دەزگای باس دەڵێت "ئەو ڕۆژنامەنووسانە هەر كەیسێكیان بۆ كرابێتەوە یان دروست كرابێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە بەهۆی نووسین و ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانییەوە گیراون".
لەگەڵ ئەوەی كەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسانە پەیوەندیی بە پیشەكەیانەوە نییە، بەڵام نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، دەستگیركردنیان بە "قبووڵنەكراو و پێشێلكاری" بەرانبەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە ناو دەبات. داوا دەكات كار بە یاسای ڕۆژنامەگەری بكرێت.
حاكم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە، بە پەرەگرافی وت "پێمان وایە پێشێلكاریی مافی ڕۆژنامەنووسانە و قبووڵكراو نییە، پێویستە دادگاكان بۆ كەیسی ڕۆژنامەنووسان كار بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی بكەن، نابێت ڕۆژنامەنووسان دەستگیر بكرێن و بكرێنە زیندانەوە".
* دەقی ڕوونكردنەوەی لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان:
لە سەرەتای سەرھەڵدانی كێشەی نێوان عیماد بیلال و ھیوا عوسمانی سەرنووسەری ڕوون میدیا، ئێمە پێمان ڕاگەیاندن كە كێشەكەیان تایبەتە و دوور و نزیك پەیوەندیی بە میدیا و كاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین ھەوڵمان دا وەكوو لایەنی سێیەم قسەی خێری تێدا بكەین و ھیوا عوسمان سكاڵاكەی بكێشێتەوە، چونكە دڵنیا بووین عیماد «تەوقیف»و دەستگیر دەكرێت، بەڵام ھەوڵەكەمان سەركەوتوو نەبوون.
لە دوایین گفتوگۆمان لەگەڵ عیماد بیلال لە بارەگای لق لە سلێمانی، نووسراوی پشتگیریمان بۆ كرد وەكوو ڕۆژنامەنووسێك، بەڵام لەبەر ئەوەی كەیسەكەی لەسەر میدیا و ڕۆژنامەوانی نەبوو، دیارە وەكوو ھاووڵاتی ڕەفتار لەگەڵ عیماد كراوە و دادوەر ماوەی ڕاگرتنەكەی تا ڕۆژی ٥/١١ بۆ نووسیوە.
جارێكی تر ھەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە دەستگیركردنی عیماد بیلال بە ھیچ جۆرێك پەیوەندیی بە ئازادیی میدیا و ڕەخنەوە نییە و بابەتی نێوان دوو ھاووڵاتییە كە بە ڕێكەوت ھەردووكیان ڕۆژنامەنووسن.
ھیوای سەلامەتی بۆ ھەموان دەخوازین
كاروان ئەنوەر
سكرتێری لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان
* لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی لە (سەنتەری مترۆ)وە:
هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال و جەمال عەبدوڵڵا، بۆ ئەوەی سبەینێ بە كەفالەت ئازاد بكرێن.
بەدواداچوونی ئێمە بۆ كەیسەكانیان بەم شێوەیە:
1- ڕاگرتنی جەمال عەبدوڵڵا پەیوەندیی بە كەیسی شەڕێكەوە هەیە كە پێش شازدە ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە. شكاتكار سكاڵایەكی لەسەر تۆمار كردووە، گوایە جەمال عەبدوڵڵا بە دەمانچە هێرشی بۆ بردووە، (ئێمە پشتڕاستی ناكەینەوە) بەڵام كەیسەكە وا تۆمار كراوە.
ئەمڕۆ چووەتە دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی وەكوو شاهید بۆ كەیسێكی جیاواز، لەوێ پێیان وتووە كە نۆ جار داوامان كردووی، نەهاتووی و ئەمری دەسگیركردنت بۆ دەرچووە.
2- كەیسی عیماد بیلال، سكاڵاكار ڕۆژنامەنووسە لە میدیای كۆمەڵی ئیسلامی، لە كۆمێنت عیماد توڕە بووە و تەشهیری كردووە.
عیماد پێش ئەوەی بچێتە بەردەم دادوەر، هات ڕاوێژی پێ كردین، ئێمە پێمان وت بچێتە بەردەم دادوەر و نێوەندگیری بۆ دەكەین لەگەڵ سكاڵاكار.
كاری جدی هەیە، تێگەیشتن هەیە، كە جەنابی حاكم نەرمی بنوێنێ و هەردووكیان بە كەفالەت ئازاد بكرێن.
پێمان وایە هەر ئەمڕۆ دەكرا بە زەمانەتی شوێنی كاری هەردووكیان، نەرمی بنوێنن و بە كەفالەت ئازاد بكرێن.
ئەوانەشی هێرش دەكەنە سەر میترۆ گوایە هەڵوێستی نییە، هەر سوپاسیان دەكەین.
ڕێكخەری میترۆ
* دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای میدیایی (باس) و ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز):
بەداخەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو ڕۆژنامەنووسی ناسراوی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە بریتین لە: جەمال عەبدوڵا، كە پارێزەرە و هاوكات نووسەر و ڕۆژنامەنووسە و لە ماڵپەڕی (باسنیوز) گۆشەیەكی وتارنووسیی هەیە، هەروەها عیماد بیلال، رۆژنامەنووس كە پەیامنێرێكی چالاكی دەزگاكەمانە لە شاری سلێمانی، لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە دەستگیر كراون و ئێستا لە زینداندان.
لێرەوە جەخت دەكەینەوە، دەزگای میدیایی (باس) لە هەوڵەكانی لەسەر دەرخستنی راستییەكان بەردەوام دەبێت و ناچێتە ژێر باری هیچ جۆرە فشارێك، ئەو دوو هاوكارە رۆژنامەنووسەمان، هەر كەیسێكیان بۆ كرابێتەوە یان دروست كرابێت، هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت كە بەهۆی نووسین و رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانییەوە گیراون، بۆیە داوا لە دەزگا دادوەرییە بەڕێزەكانی شاری سلێمانییش دەكەین، بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسە گیراوەكانی سلێمانیدا بكەن.
ئێمە لە دەزگای میدیایی (باس)، سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، چونكە ئەزموونێكی تاڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و گیراوان لەو شارەدا هەیە.
دەزگای میدیایی (باس) و ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)
23ی 10ی 2023