دوو ڕۆژنامەنووسەكە لە سلێمانی لەسەر چی دەستگیر كراون؟

23-10-2023 09:15
لە ڕاستەوە: ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال - ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا

پەرەگراف

نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، دەستگیركردنی دوو ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی بە "قبووڵنەكراو و پێشێلكاری" بەرانبەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە ناو دەبات. داوا دەكات كار بە یاسای ڕۆژنامەگەری بكرێت. دەربارەی كەیسەكانیشیان دەڵێت "جەمال عەبدوڵڵا گوایە لەسەر ژمارەیەك سكاڵا لەناویاندا سكاڵای وەزیری دارایی و عیماد بیلالیش لەسەر سكاڵایەكی ماڵپەڕی ڕوون میدیا" دەستگیر كراون.

بەپێی بەدواداچوونێكی پەرەگراف، كەیسی ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال، پەیوەندیی بە كاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە و لەسەر "كۆمێنت و نامە" بە یاسای خراپە بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دەستگیر كراوە.

حاكم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال كە لە باسنیوز كار دەكات، لەسەر سكاڵایەكی ڕوون میدیا لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ دەركراوە و ئێستا لە زینداندایە".

حاكم ئازاد حەمەئەمین دەربارەی كەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسەی باسنیوز، وتی "گوایە لەسەر بابەتێكی پەیوەست بە غەززەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێكی ماڵپەڕی ڕوون میدیا نامە و كۆمێنت كەوتووەتە بەینیان، دواتر لەسەر بنەمای ئەو نامە و كۆمێنتانە سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە "ڕۆژنامەنووس عیماد بیلال، لەسەر سكاڵای ڕۆژنامەنووسێكی دامەزراوەی ڕوون میدیا دەستگیر كراوە و سكاڵاكە لەلایەن دامەزراوەی ڕوون میدیاوە تۆمار نەكراوە".

ئەو سەرچاوە وتیشی "ڕۆژنامەنووسەكەی ڕوون میدیا كۆمێنت و نامەكانی ڕۆژنامەنووس عیماد بیلالی بردووە بۆ بنكەی پۆلیس و لەوێ‌ سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە بە تۆمەتی جنێوپێدان و هەڕەشەلێكردن".

دەربارەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، حاكم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "گوایە لەسەر كۆمەڵێك سكاڵا كە لەسەر هەبووە و پێشتر نەچووە بەدەمیانەوە، دەستگیر كراوە".

وتیشی "لەناو سكاڵاكاندا كە لەسەر ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا تۆمار كراون، سكاڵای ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەیە، بەڵام هێشتا وردەكاریی سكاڵاكان نازانین".

حاكم ئازاد حەمەئەمین سەبارەت بە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان، وتی "پێمان وایە پێشێلكاریی مافی ڕۆژنامەنووسانە و قبووڵكراو نییە، پێویستە دادگاكان بۆ كەیسی ڕۆژنامەنووسان كار بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی بكەن، نابێت ڕۆژنامەنووسان دەستگیر بكرێن و بكرێنە زیندانەوە".