بۆ چوارەم جار لە سێ ڕۆژدا گرووپە شیعەكان هێرش دەكەنە سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق

21-10-2023 01:39
لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا - وێنەى ئەو درۆنەى ١٨-١٠-٢٠٢٣ فڕۆکەخانەى هەریرى بەئامانج گرت

پەرەگراف

بۆ چوارەم جار لە ماوەی سێ ڕۆژدا، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامیی عێراق" هێرشی كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا. بۆ دووەم جار بنكەی هەریری بە "دوو درۆن" بەئامانج گرتووە، دوو جاریش هێرشی بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەدی ئەنجام داوە كە "بریندار"ی لێ كەوتووەتەوە.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند "موجاهیدانی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، بەرەبەیانی هەینی، بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بنكەی هەریر (فڕۆكەخانەی هەریر)ی ئەمریكامان لە باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) كردە ئامانج، كە 45 كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دوورە".

بەرەنگاریی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "هێرشەكە ئامانجەكانی خۆی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێكاوە".

ئەمە دووەم هێرشی ئەو بەرەیە بۆ سەری فڕۆكەخانەی هەریر لە ماوەی سێ ڕۆژدا كە هێزەكانی هاوپەیمانانی بە سەركردایەتیی ئەمریكا لێیە. ڕۆژی چوارشەممە بە درۆنێك هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەكە و ئەمریكا ڕایگەیاند "هیچ زیانێكی نەبووە".

هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دوو هێرشیان كردووەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژاوای عێراق كە هێزە ئەمریكییەكانی تێدایە. فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند كە لە هێرشی ڕۆژی چوارشەممە 18-10-2023دا، "ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی بە سووكی بریندار بوون".

‌هاوكات پات ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، وتی "ڕۆژی چوارشەممە لە كاتێكدا زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ مەترسیی ئەنجامدانی هێرشێك لێ دراوە، بەڵێندەرێك هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەكی داوە بۆ خۆحەشاردان، هەرچەندە هیچ هێرشێك ئەنجام نەدرا، بەڵام بەڵێندەرەكە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دا".

هێرشی دووەمی سەر بنكەی عەین ئەسەد ڕۆژێك دوای یەكەم ئەنجام درا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاوی كردەوە "بە ژمارەیەك مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە خۆراوای عێراق و دەنگی ڕوودانی ژمارەیەك تەقینەوە لەناو بنكەكە بیستراوە".

دواتر بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕایگەیاند "بنكەی عەین ئەسەدی ئەمریكای داگیركەرمان لە خۆراوای عێراق بە ژمارەیەك مووشەك بۆردوومان كرد و هێرشەكە ئامانجی خۆی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ورد پێكا".

گرووپە چەكدارییەكانی "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" پێك هێناوە و هێرشیان بۆ سەر هێزە ئەمریكییەكان دەست پێ‌ كردووە لە بەرانبەر پشتگیریی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل. "تۆفانی ئەقسا" ناوی ئۆپەراسیۆنەكەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییە دژی ئیسرائیل.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، سووریا، لوبنان و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری ئەو گرووپانە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا، پاش ئەوە دێت كە ڕۆژی چوارشەممە جۆ بایدن بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل و پشتیوانیی ئەمریكای بۆ تەلئەبیب لە بەرانبەر حەماس دووپات كردەوە.

پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی كە "لە ئێستادا داڕێژەری سیاسەتی ئیسرائیلە بۆ هێرشەكانی سەر غەززە".

هەروەها ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دا كە ئەگەر "بەپەلە" هێرشەكان بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێت، چەندین بەرەی دیكەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكرێتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند "لە سەردانم بۆ ناوچەكە (عێراق، سووریا، لوبنان و قەتەر)، سەركردەكانی بەرەی بەرەنگاری بە ڕاشكاوی بە منیان ڕاگەیاند: ئامادەی شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ داگیركەرانین".

وتیشی "مەبەسەتمان لە بەرەی بەرەنگاری تەنیا حیزبووڵڵای لوبنان نییە، لایەنەكانی بەرانبەر (ئەمریكا و ئیسرائیل) باش دەزانن چەندین گرووپی بەرەنگاری لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەكانیان لە بەرانبەر دەستدرێژییە بەردەوامەكانی ڕژێمی زایۆنی، خۆیان ڕێك خستووە".

سەرەڕای هۆشداریی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی مایفی مرۆڤ و زۆرێك لە وڵاتان دەربارەی دۆخی خراپی غەززە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل و گەمارۆدانی، هەروەها داواكاریی ئەو لایەنانە بۆ گەیاندنی بەپەلەی هاوكاریی مرۆیی بە دانیشتووانەكەی، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل ڕێگی دەكات.

* پریشكی ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتە عێراق؛ دوو ڕۆژە بنكەكانی ئەمریكا بۆردوومان دەكرێن