پریشكی ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتە عێراق؛ دوو ڕۆژە بنكەكانی ئەمریكا بۆردوومان دەكرێن

19-10-2023 11:21
لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا - وێنەى ئەو درۆنەى فڕۆکەخانەى هەریرى بەئامانج گرت

پەرەگراف

پریشكی ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتە عێراق. بۆ دووەم ڕۆژی لەدوای یەك، گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی" ڕێكخستووە، هێرشی "مووشەكی و درۆنی"یان كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، بە تایبەتیش بنكەی عەین ئەسەد کە لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا "دەنگی تەقینەوە لەناو بنكەكەدا بیستراوە".

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەمشەو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا، تێیدا باسی لە هێرشەکانی دوێنێ کرد و هیچ زانیارییەکی دەربارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ نەدا.

‌پات ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، وتی "ڕۆژی چوارشەممە لە کاتێکدا زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ مەترسیی ئەنجامدانی هێرشێک لێدراوە، بەڵێندەرێک هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەکی داوە بۆ خۆحەشاردان، هەرچەندە هیچ هێرشێک ئەنجام نەدرا، بەڵام بەڵێندەرەکە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دا".

هەروەها باسی لە کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق لە ڕێگەی "سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" و بنکەیەکی سەربازییان لە سووریا لە ڕێگەی "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان"ـەوە کرد و وتی "ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانمان".

گرووپە چەكدارییەكانی "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" پێك هێناوە و هێرشیان بۆ سەر هێزە ئەمریكییەكان دەست پێ‌ كردووە لە بەرانبەر پشتگیریی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل. "تۆفانی ئەقسا" ناوی ئۆپەراسیۆنەكەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییە دژی ئیسرائیل.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاوی كردەوە "بە ژمارەیەك مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە خۆراوای عێراق و دەنگی ڕوودانی ژمارەیەك تەقینەوە لەناو بنكەكە بیستراوە".

هەر ئەمشەوە بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕایگەیاند "موجاهیدانی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ بنكەی عەین ئەسەدی ئەمریكای داگیركەریان لە خۆراوای عێراق بە ژمارەیەك مووشەك بۆردوومان كرد".

بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "بۆردوومانەكە ئامانجی خۆی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ورد پێكا".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە 18-10-2023یش، ئەو گرووپانە ئەنجامدانی دوو هێرشیان بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و بنكەی هەریر (فڕۆكەخانەی هەریر) ڕاگەیاند، كە دواتر سوپای ئەمریكا پشتڕاستی كردەوە و برینداربوونی ژمارەیەك سەربازیشی ڕاگەیاند.

دوێنێ‌ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند "لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا سوپای ئەمریكا بەپەرچی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوەتەوە لە نزیك هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق".

فەرماندەییەكە دەڵێت "لە ڕۆژئاوای عێراق، هێزەكانی ئەمریكا بەرپەرچی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان دایەوە، لە ئاكامدا یەكێكیان تێكشكاند و دووەمیشیان زیانی پێ گەیەندرا. بەهۆی هێرشەكەوە ژمارەیەك لە هێزەكانی هاوپەیمانان بە سووكی بریندار بوون".

هەروەها ڕایگەیادووە "بە جیا لەو هێرشە، لە باكووری عێراقیش (هەرێمی كوردستان) هێزەكانی ئەمریكا بەرپەرچی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان دایەوە، كە هیچ بریندار و زیانێكی لێ نەكەوتەوە".

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، سووریا، لوبنان و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری ئەو گرووپانە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا، پاش ئەوە دێت كە ڕۆژی چوارشەممە جۆ بایدن بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل و پشتیوانیی ئەمریكای بۆ تەلئەبیب لە بەرانبەر حەماس دووپات كردەوە.

پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی كە "لە ئێستادا داڕێژەری سیاسەتی ئیسرائیلە بۆ هێرشەكانی سەر غەززە".

هەروەها ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دا كە ئەگەر "بەپەلە" هێرشەكان بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێت، چەندین بەرەی دیكەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكرێتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند "لە سەردانم بۆ ناوچەكە (عێراق، سووریا، لوبنان و قەتەر)، سەركردەكانی بەرەی بەرەنگاری بە ڕاشكاوی بە منیان ڕاگەیاند: ئامادەی شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ داگیركەرانین".

وتیشی "مەبەسەتمان لە بەرەی بەرەنگاری تەنیا حیزبووڵڵای لوبنان نییە، لایەنەكانی بەرانبەر (ئەمریكا و ئیسرائیل) باش دەزانن چەندین گرووپی بەرەنگاری لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەكانیان لە بەرانبەر دەستدرێژییە بەردەوامەكانی ڕژێمی زایۆنی، خۆیان ڕێك خستووە".